گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەهۆی ڕەخنەگرتن لێی کیم جونگ ئون پێنج فەرمانبەری پلەباڵای وڵاتەکەی گولـله بارانکرد

2020.09.12 - 22:47
بەهۆی ڕەخنەگرتن لێی کیم جونگ ئون پێنج فەرمانبەری پلەباڵای وڵاتەکەی گولـله بارانکرد

ناس کورد-

ماڵپەڕێکی ئۆپۆزسیۆنی کوریای باکور بڵاویکردەوە، بەهۆی ڕەخنەگرتن لەسیاسەتی ئابوری، کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور، پێنج فەرمانبەری پلە باڵای وەزارەتی ئابوریی ئەو وڵاتەی گولـله بارانکرد.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "نۆرس ئەن کەی"ی ئۆپۆزسیۆن کە تایبەتە بە کاروباری کۆریای باکور: " بەهۆی ڕەخنەگرتن لەسیاسەتی ئابوریی کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی کۆریای باکور، پێنج فەرمانبەری پلە باڵای وەزارەتی ئابوریی ئەو وڵاتەی لە 30ی تەموزی ڕابردوودا بەفەرمانی ناوبراو گولـله باران کراون و خانەوادەکانیشیان ڕاپێچی ئەو سەربازگە زۆرەملێیانە کراون کە بۆ زیندانە سیاسییەکانی ئەو وڵاتە تەرخانکراوە".

 

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "ئەو پێنج فەرمانبەرە بە شێوەیەکی ئاشکرا ڕەخنەیان لە سەرۆکی کۆریا باکور نەگرتووە، بەڵکو ڕەخنەکەیان بەشێوەیەکی سنوردار بووە و لە نێوان خۆیان و چەند کەسێکدا بووە لەکاتی ئامادەبوونیان لەئاهەنگێدا، بەڵام  دواتر قسەکانیان بە شێوەیەک لەشێوەکان گەیشتووەتە دەستی دەزگای هەواڵگریی ئەو وڵاتە".

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، فەرمانبەرەکان وتوویانە: 'سیاسەتی ئابوریی کیم جۆنگ ئۆن، کوریای باکوری دووچاری هەژاری کردووەتەوە و ڕۆژ بەڕۆژ داتەپینی ئابوریی وڵات هەڵدەکشێت و پێویستە کۆریای باکور لەڕووی ئابورییەوە بەڕووی وڵاتانی بیانیدا بکرێتەوە لە پێناو کەمکردنەوەی ئاسەواری ئابڵوقە ئابورییەکەی ئەمریکا".

 

ڕاپۆرتەکە باسیلەوەشکردووە: "دوای گەیشتنی قسەکانی ئەو پێنج فەرمانبەرە بە پۆلیسی نهێنی کوریای باکور، ڕاستەوخۆ بانگهێشتی کۆبوونەوەیەک کراون دواتر هەرلە ناو کۆبوونەوەکەدا دەستگیرکراون و بەزەبری هێزو ئەشکەنجەدان ناچارکراون دان بە قسەکانیاندا بنێن".

 

ئەوە یەکەمجار نییە کەسانی پلە باڵا لە کۆریای باکور گولـلە باران و لەسێداربدرێن، بەڵکو لە ماوەی فەرمانڕەوایی کیم جۆنگ ئۆن، سەرۆکی ئەو وڵاتە، سەدان کەس لە بەرپرسانی باڵا و کەسانی نزیکی خۆی بە تۆمەتی جیاواز و بە چەندین شێوازی سەیرو دەگمەن کوژراون.