گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق دیاریکرا

2020.09.12 - 22:29
پشکی هەرێم لە بودجەی گشتیی عێراق دیاریکرا

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، پشکی هەرێمی کوردستان لە  بودجەی گشتیی عێراق بۆساڵی 2020، بڕی 12 ترلیۆن دینارە کە دەکاتە 10 ملیار دۆلار، بەڵام بەهۆی ڕادەستنەکردنی نەوت نیوەی ئەو بڕەش وەرناگرێت و ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی دارشتنی بودجەی 2021ە. 

 

ئەمڕۆ شەممە 12ی ئەیلولی 2020، شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی لە لێدوانێکدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " دەبوو حکومەتی هەرێمی کوردستان لەچوارچێوەی بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵی 2020 نزیکەی 12 ترلیۆن دینار کە دەکاتە 10 ملیار دۆلار وەربگرێت".

 

بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی عێراق لەسەرەتای ئەمساڵدا، تاوەکو ئێستا بودجەی ساڵی 2020، نەچووەتە پەرلەمان و پەسەند نەکراوە. 

 

شیروان میرزا ئاماژەی بەوەکرد: "ڕەشنووسی بودجەکە ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو لەئەنجومەنی وەزیرانەوە ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەکرێت بۆ ئەوەی دەنگی لەسەربدرێت، پشکی هەرێمیش بە ڕێژەی 12.67% لە بودجەی 2020 دا دیاریکراوە و موچەی وەزارەتی پێشمەرگەش جێگیرکراوە و بڕەکەشی بەرزبووەتەوە بۆ نزیکەی 76 ملیار دینار کە ساڵانە دەکاتە نزیکەی 912 ملیار دینار".

 

ئەندامە کوردەکەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق پێیوایە ئەو ڕێککەوتنەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقدا کراوە ڕێککەوتنێکی باشە و لەبەرژەوەندی هەردوولادایە و وتی: " تێپەڕاندنی ئەو ڕێککەوتنە پەیوەستە بە دەنگدانی پەرلەمانەوە".

 

لەبارەی بودجەی ساڵی داهاتوو 2021 ، میرزا وتی: " لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی دارشتنی بودجەکەیە، تائێستا تەواو نەبووە و هەرکات تەواوبوو ڕەوانەی پەرلەمانی دەکەن بۆ پەسەندکردنی".

 

 بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست ناس کورد کەوتوون: " لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق سەرقاڵی ئامادەکردنی پرۆژەیاساى بودجەی گشتی عێراقە بۆ ساڵی داهاتوو 2021 بە جۆرێک لە 80٪ بودجەی گشتی عێراق لەسەر فرۆشتنی نەوت دیاریکراوە".

 

بەگوێرەی زانیارییەکان: "هەر لەو چوارچێوەیەشدا پسپۆڕانی بواری ئابوری عێراق لە ئەنجوومەنی وەزیران نرخی بەرمیلێک نەوتیان بۆ بودجەی گشتیی عێراق بە 43 دۆلار خەمڵاندووە، هەرچەندە سەرۆکوەزیران داوایکردووە کە نرخی بەرمیلێک بە 45 دۆلار بخەمڵێنن، بەڵام وەزارەتی دارایی و نەوتی عێراق 43 دۆلاریان بە گونجاو زانیوە".

 

 ئەمە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە دیدارێکدا لەگەڵ ژمارەیەک لە کەناڵە عەرەبییەکان لەبارەی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا ڕاگەیاند: "لە هیچ وەختێکدا هەرێم شایستە داراییەکانی خۆی لە کۆی گشتیی داهاتەکانی عێراق وەرنەگرتووە، ئەوەی پێدەگات تەنها 5٪ی داهاتی گشتیی دەوڵەتی عێراقە".

 

لەدوای ساڵی 2003وە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا بە 17% جێگیرکرا، بەڵام لە دوای ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری  2017 ئەو ڕێژەیە لە لایەن بەغداوە کەمکرایەوە بۆ 12.67%دا.