گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرەڕاى هۆشداریيە جيهانییەكان چين ڤاكسين لەسەر سەدان هەزار كەس تاقيدەكاتەوە

2020.09.12 - 21:15
سەرەڕاى هۆشداریيە جيهانییەكان چين ڤاكسين لەسەر سەدان هەزار كەس تاقيدەكاتەوە

ناس کورد- 

سەرەڕاى هۆشداريە جيهانيیەكان سەبارەت بە بەكارهێنانى ڤاكسين لەسەر ژمارەيەكى زۆر خەڵك پێش تەواوكردنى لێكۆڵينەوە زانستيیە وردەكان، چين ڤاكسين لەسەر سەدان هەزار كەس تاقيدەكاتەوە.

 

پێگەى "وۆڵ ستريت جۆرناڵ" بڵاويكردوەتەوە، گروپى "چاينا ناشناڵ بايۆتيك"ى سەربە كۆمپانياى "سينۆفارم" كە خاوەنەكەى حكومەتى چينە، ڤاكسينى دژە ڤايرۆسى كۆرۆناى لەسەر سەدان هەزار كەس تاقيكردووەتەوە.

 

ئەوەش هاتووە، هەروەها كۆمپانيايەكى ترى دەرمانى چينى كە ناوى "سينۆفاك بايۆتيك"ە هەمان ڤاكسينى لەسەر سێ هەزار لە كارمەندانى كۆمپانياكە و كەسوكاريان تاقيكردووەتەوە، لەناويشياندا بەڕێوەبەرى جێبەجێكارى كۆمپانياكە.

 

لاى خۆيەوە "ليو بى شينگ" وتەبێژى كۆمپانياى ناوبراو ڕايگەياندوە، تاقيكردنەوەكە ئارەزوومەندانە بووە، سەرجەم كارمەندەكان لەو مەترسيانە ئاگادار كراونەتەوە كە ئەگەرى هەيە دەربكەون.

 

هێماى بۆ ئەوەشكردوە، پێشخستنى كارمەندانى كۆمپانياكە بۆ وەرگرتنى ڤاكسينەكە بەهۆى ئەوەوەيە كە ئەوان لەهەموو كەس زياتر مەترسى توشبوونيان بە كۆرۆنا لەسەرە، ئەوەش بەهۆى جۆرى كارەكەيانەوە.

 

وۆڵ ستريت جۆرناڵ ئەوەشى بڵاوكردووەتەوە، چين و ڕوسياش سوورن لەسەر خێراكردنى بەكارهێنانى ڤاكسينە ناوخۆييەكانيان، ئەوەش هەوڵێكە بۆ خستنەوەكارى ئابورييان و بەدەستهێنانى سەركەوتنى جيهانى لە پەيوەنديە گشتيەكانياندا.

 

دەسەڵاتدارانى ڕوسيا دەستيان كرد بە تاقيكردنەوەى ڤاكسينى "سپۆتنيك - V" لەسەر 40 هەزار كەس لە دانيشتوانى مۆسكۆى پايتەخت، ئەوەش وەك قۆناغى كۆتايى تاقيكردنەوەكانى ڤاكسينەكە كە مانگى هەشت ڕايگەياند، بەڵام جيهان گومانێكى زۆرى لەسەر ڤاكسينە ڕوسيەكە دروستكرد، ئەوەش بەهۆى نەبوونى قۆناغى كۆتايى تاقيكردنەوەى ڤاكسينەكە لەو كاتەى ڕاگەيەنرا.

 

هەوڵى دەيان كۆمپانيا و ناوەندى تەندروستى جيهانى بەردەوامن بۆ گەشەپێدانى ڤاكسينى دژە كۆرۆناى نوێ COVID-19، ئەوەش بۆ بەدەستهێنانى سەروەت و سەروەرى بۆ خۆيان و وەستاندنى ئەو پەتا جيهانيەى كە تائێستا نزيكەى 29 مليۆن كەسى لە جيهاندا توشكردوە و زياتر لە 922 هەزار كەسيش گيانيان لەدەستداوە.