گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەلا بەختیار: کازمی لەسەردانەکەیدا ملیۆنێکی نەدایە بریندارێکی چەکی کیمیایی

2020.09.12 - 20:48
مەلا بەختیار: کازمی لەسەردانەکەیدا ملیۆنێکی نەدایە بریندارێکی چەکی کیمیایی

ناس کورد-

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیی سیاسیی یەکێتی ڕایگەیاند، ئەوەی کازمی لە هەرێم وتی لە بەغداشەوە دەیتوانی بیڵێت، دەشڵێت، لە تەواوی سەفەرەكەیدا، گفتێكی كۆنكرێتی نەدا، تەنانەت یەك ملیۆن دیناریشی نەدایە بریندارێكی چارەسەرنەكراوی كیمیاوی هەڵەبجەش.

 

مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵا و بەرژەوەندیی سیاسیی یەکێتی لە نوسینێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نوسیویەتی: "دەوڵەتمەداری عیراق مستەفا كازمی تەشریفی هێنا بۆ كوردستان، بەرنامەی هاتنەكەی خۆی داینابوو، جێبەجێش كرا، گەورە و بچوكی كوردستان، جوانیان پێشوازی لێكرد، هەم میوانداری كوردەواری و هەم بەگشتی ئەتەكیاتی سیاسیی شیاویان نیشاندا، وێڕای هەندێك كەموكوڕی كە نەدەبوو روبدات."

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "زەقترین كەموكوڕی، خودی كازمی كردی، هەروەها لە دەڤەری سلێمانیش بەرپرسە حیزبیەكان كردیان، كازمی دەبوایە بەرنامەیەكی گونجاوتری بۆ دیداری حیزبەكان دابنایە، خۆیشی سەری لە بارەگای سەرەكی حیزبەكان دابا، حیزب بە حیزب، نەك بە هەرەوەز بیان بینێ!."

 

ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئەوەشی خستووەتەڕوو: "حیزبەكانیش، بەتایبەتی یەكێتی، نەدەبوو دوور لە ئەتەكیەت، بەشێكی بەرچاوی مەكتەبی سیاسی و سەروتر و خوارتریش، ریزیان بۆ دیداری ببەستایە، بەهەر حاڵ، با ئەمیش دەرسێكی ئەتەكیەت بێ‌."

 

باسی لەوەشکردووە: " رێسای پێشوازی لە میوانێكی ئاوها، وا دەخوازێ‌ت، بەرنامەی میوانەكە رەچاو بكرێت، نەك هەر پارێزگایەك بەرنامەو داخوازی هەبێ‌، من، نەم دی و نەم بیست، پارێزگاری هەولێر و دهۆك، داخوازینامەیان پێشكەش بە كازمی كردبێ‌، بەڵام بیستم، پارێزگاری سلێمانی و هەڵەبجە، لیستی داخوازیان داوەتە جەنابی میوان."

 

 

مەلا بەختیار لەدرێژەی نوسینەکەیدا دەڵێت: "پێم وایە دەبوایە، لە هەڵەبجە، سكاڵا و داخوازی بەناوی خەڵكەوە درابا بە كازمی، باشتر بوو لەوەی پارێزگار پێشكەشی كردبا، خەڵك دوور لە ئەتەكیەت و رێسا بۆی هەیە سكاڵا و داخوازیان هەبێ‌، نەخوازەڵڵا بۆ هەڵەبجەش، هەروەك چۆن جوتیاران لەرێی فڕۆكەخانە بۆ پارەی نەدراویان، رێیان لە كاروانی میوان گرت."

 

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "ئەو بەڕێزە، بە ئاستەم نەبێ‌، بەرنامەی سەفەرەكەی نەگۆڕی، لە وەڵامی میدیاكان و لە كۆبونەوەكانیشدا، دوو وەڵامی هەبووە، یەکەم، لە چوارچێوەی دەستوردا، كێشەكان چارەسەر دەكەن، ئەم قسەیە، لە بەغدادیش دەتوانێ‌ بیكات و لەسەریشی ناكەوێ‌، دووەم، داخوازیەكان، هەڵدەسەنگێنین و بۆ ئەوەی پارێزگای هەڵەبجە پەسەند بكرێ‌، لیژنە دادەنێین."

 

مەلا بەختیار دەشڵێت: "لە تەواوی سەفەرەكەیدا، گفتێكی كۆنكرێتی نەدا، تەنانەت یەك ملیۆن دیناریشی نەدایە بریندارێكی چارەسەرنەكراوی كیمیاوی هەڵەبجەش."

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: " بەش بەحاڵی خۆم، لە عیراقدا، جگە لە هاوسەنگی هێز لە نێوان كوردستان و بەغدا، لەم قۆناغەدا باوەڕم بە هیچ گفتوگۆیەك، یان پەیمانێك، یاخود رێكەوتنی دوو قۆڵی و سێ‌ قۆڵیش تاسەر نییە، رێكەوتنەكان.. تەنانەت بۆ موچەش كاتین، هەموو بڕیار و رێكەوتنێك، لەگەڵ سەرۆك وەزیران، یان حیزبەكان، یان هەر پۆستێكی باڵای تر،  پەیوەستی دۆخی سیاسییە."

 

لەکۆتایی نوسینەکەیدا مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەکردووە: " لە عیراقدا پرۆسەیەك بەناوی پرۆسەی دیموكراسیەوە نییە، دەستەبەری دەستوریش نییە، ئەوە مادەی (140) و ئەوەش بودجە و ئەمەش هێزی پێشمەرگە، مادەی 140 دیزە بەدەرخۆنە كراوە، بودجە و موچە، جگە لەوەی لە 5% قرتێنراوە، ئەوەی دەشی دەن، لە قوڕگی شێر دێتە دەر، هێزی پێشمەرگەش، داعش شكێن بوو، كەچی ئەمریكا مانگانە بڕێ‌ بودجەی دەداتێ‌، عیراق، پۆستاڵێكی بۆ نەناردووە."

 

جەختیشیکردووەتەوە: "هەقە حكومەتی هەرێم و حیزبەكان عیراق وەكو هەیە بناسن نەك، وەكو ئارەزوویان لێی هەیە، بەهیواشم، دوای هەڵبژاردن كە رێژەی حیزبەكان دادەبەزێت هاوكێشەكانی هەرێم و بەغدا نەگەڕێنەوە خانەی ناردنی هێزی سەربازی و بەرگری هێزی پێشمەرگە.