گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئێران: لە پێنج مانگدا بەبەهای زیاتر لە 109 ملیۆن دۆلار سەوزە و میوە هەناردەی عێراق کراوە

2020.09.12 - 19:59
ئێران: لە پێنج مانگدا بەبەهای زیاتر لە 109 ملیۆن دۆلار سەوزە و میوە هەناردەی عێراق کراوە

ناس کورد-

 فەرمانگەی گومرکی ئێران ڕایگەیاند،عێراق لە ڕێزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەدایە کە بەروبوومی سەوزەو میوەی وڵاتەکەی هاوردە دەکات، ئاماژەی بەوشکرد، لە پێنج مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ئێران بە بڕی زیاتر لە 109 ملیۆن دۆلار میوە و سەوزەی هەناردەی عێراق کردووە.

 

ئەمڕۆ شەممە 12ی ئەیلولی 2020، ڕوحڵا لەتیفی، وتەبێژی فەرمانگەی گومرکی ئێران ڕایگەیاند: "لە 21ی ئادار ئەمساڵەوە تائێستا کە دەکاتە نزیکەی پێنج مانگ، ئێران بەبڕی زیاتر لە 109 ملیۆن دۆلار سەوزەو میوەی هەناردەی عێراق کردووە".

 

لەتیفی ئاماژەی بەوەکردووە: "قەبارەی ئەو سەوزە و میوەیەی کە لە ماوەی پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا هەناردەی عێراق کراوە بە زیاتر لە 94 هەزار تۆن دەخەملێنرێت".

 

بەوتەی لەتیفی، عێراق بەپلەی سێهەم دێت لە دوای وڵاتی ئیمارات و عومان لە ڕێژەی هاوردەکردنی سەوزە و میوەی وڵاتەکەی. 

 

وتەبیژەکەی فەرمانگەی گومرکی ئێران ئەوەشیخستەڕوو: " لە ئێستادا ئێران پێنجەم  وڵاتە لەسەر ئاستی جیهان لەهەناردەکردنی سەوزە و میوە".

 

وتیشی: "ئێران بەروبوومەکەی هەناردەی وڵاتانی دراوسێی و 37 وڵاتی جیهان دەکات وەک بەریتانیا، ئەڵمانیا، نەرویج،ئوستورالیا، ئەزرباینجان، ڕوسیا، پۆڵەندا، قەتەر، عومان و کازاغستان".