گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’ڕۆژانە دەیخۆمەوە’’

ئەکتەرێکی بەناوبانگی هیندی باس لە هۆکاری خواردنەوەى میزی مانگا دەکات

2020.09.12 - 18:34
ئەکتەرێکی بەناوبانگی هیندی باس لە هۆکاری خواردنەوەى میزی مانگا دەکات

ناس کورد-

ئەکشای کۆماری، ئەکتەری بەناوبانگ و دیاری هیندستان و ئەستێرەی سینەمای ئەو وڵاتە ئاشکرایکرد، ڕۆژانە وەک نەریتێک میزی مانگا دەخواتەوە و  بەوتەی خۆی، ئەوەش وای لێکردووە هەست بە تەندروستییەکی باش بکات.

 

ئەکشای  لە میانەی دیمانەیەکی تایبەتدا ئاشکرایکرد، "وەک نەریتێک ڕۆژانە میزی مانگا دەخۆمەوە".

 

کۆمار لە ئێستادا تەمەنی 53 ساڵە و بەوە ناسراوە کە یەکێکە لە لایەنگرانی ئەو پارتەی کە ناریندرا مۆدی، سەرۆکوەزیرانی هیندستان سەرۆکایەتی دەکات کە لە ئێستادا بەملیۆنەها دۆلاری لە پێناو بانگەشەکردن بۆ خواردنی پاشەڕۆ و میزی مانگا وەک چارەسەرێک بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی وەک، شێرپەنجە و و ڤایرۆسی کۆرۆنا خەرجکردووە. 

 

هەرچەندە تایفەی هیندوسەکانی هیندستان مانگا و پاشەڕۆکەی بە پیرۆز لە قەڵەم دەدەن، لەهەمانکاتدا وەک چارەسەرێکیش بۆ کۆمەڵێک نەخۆشی بەکاریدەهێنن، بەڵام تائێستا هیچ توێژینەوەیەکی پزیشکی ئەوەی پشتڕاست نەکردووەتەوە. 

 

لە ئێستاد پاشەڕۆی مانگا لەوڵاتی هیندستان یەکێکە لەو پێکهاتانەی کە دەچێتە نێو پیشەسازی دروستکردنی هەویری پاککردنەوەی ددانەوە. 

 

هاوکات ئاژانسی فرانس پرێس لەو بارەیەوە بڵاویکردەوە: "پارتی ( بەهاراتیا جاناتا) کە سەرۆکوەزیرانی ئێستای هیندستان سەرۆکایەتی دەکات لایەنگرانی لە هیندوسەکان هاندەدات بە بەردەوامی پاشەڕۆی مانگا ومیزەکەی بخۆنەوە بۆ ئەوەی دووربکەونەوە لە توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا".

 

لە ئێستادا ژمارەی توشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتی هیندستان چوار ملیۆن و 600 هەزاری حاڵەتی  تێپەڕاندووە و نزیکەی 76 هەزار کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە پەتاکەوە مردوون، هیندستان لە دوای ئەمریکا بە پلەی دووەم دێت لە ڕێزبەندی ئەو وڵاتانەی کە لەسەر ئاستی جیهان زۆرترین ژمارەی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنای تێدا تۆمارکراوە.