ناس کورد-
ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بەشدارینەکردنی عەلی باپیر، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی لە کۆبوونەوەکەی دوێنێی لایەنەکان لەگەڵ بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی ئاشكراکرد و ڕایگەیاند، بەمنزیکانە عەلی باپیر بەسەرۆکایەتی شاندێک و بەجیا دەچێتە بەغدا و لەگەڵ بەرهەم ساڵح و کازمی و لایەنە سیاسییەکاندا کۆدەبێتەوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
دوێنێ هەینی، 11ی ئەیلولی 2020، لەمیانەی سەردانەکەیدا بۆ هەرێمی کوردستان، مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە شاری سلێمانی چووە مێرگەپان و لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و لایەنە سیاسییەکاندا کۆبوونەوە، یەکێک لەو لایەنانەشی بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو، ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی بوو بەڵام بەشداری کۆبوونەوەکەی نەکرد.
فاروق عەلی، ئەندامی سەرکردایەتیی کۆمەڵی ئیسلامی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە بەمنزیکانە شاندێکی کۆمەڵی ئیسلامی بەسەرۆکایەتی مامۆستا عەلی باپیر سەردانی بەغدا بکات و بەجیا لەگەڵ هەریەک لە سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران و لایەنە سیاسییەکاندا کۆببێتەوە، هەربۆیە دوێنێ هەینی بەشداری ئەو کۆبوونەوەیەی نەکرد."
وتیشی: "بە بۆچوونی من ئەو کۆبوونەوانە زیاتر تەشریفاتین و تیایاندا دەست ناخرێتەسەر برینەکان و کێشەکان ناخرێنەڕوو و بڕیاری چارەسەریشیان تێدا نادرێت، بۆیە بەشداریکردن یاخود نەکردن هێندە جیاوازی نییە، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بەجیا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆببینەوە و بەڕاشکاوی باسی کێشەکان بکەین."
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی کۆمەڵ ئاماژەی بەوەشكرد: "ئامانجی سەردانەکەی شاندەکەی کۆمەڵ بۆ بەغدا، بۆ باسکردنی کێشەکانی هاووڵاتیان و داواکردنی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدایە لە بەرژەوەندنی هاووڵاتیان."
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕۆژی پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2020، بەسەردانێکی دوو ڕۆژە گەیشتە هەرێمی کوردستان و لەسەردانەکەیدا، چووە، هەولێر، دهۆک، دەروازەی سنوری ئیبراهیم خەلیل، سلێمانی، هەڵەبجە و دەروازەی سنوریی باشماخ و شەوی ڕابردووش کۆتایی بەسەردانەکەی هات و گەڕایەوە لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە گەڕایەوە بەغدا.