گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بە لیستى هاوبەش دەچنە هەڵبژاردنەوە؟

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە

2020.09.12 - 14:01
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى پارتى و یەکێتى لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراقەوە

ناس کورد-

پارتى دیموکراتى کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان جەختیان کردەوە لەسەر کارکردن بۆ یەکهەڵوێستى لایەنە کوردییەکان لەبارەى یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تایبەتى سیستەمى فرە بازنەیی کە مشتومڕى زۆرى دروستکردووە.

 

یاساى هەڵبژاردنەکانى عێراق لە 24ی کانوونی دووەمی 2019  لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا، پرسی دابەشکردنى بازنەکانى یەکلانەکردووەتەوە کە بە پاشکۆیەک دەبێت لە یاساکەدا جێگیربکرێت.

 

بەپێی یاساکە، سیستەمى هەڵبژاردن فرە بازنەیی و تاک کاندیدى دەبێت، بەڵام لایەنەکان لەسەر شێوازى دابەشکردنى بازنەکان بەسەر پارێزگاکاندا ناکۆکن.

 

هەردوو دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى و یەکێتى ئەمڕۆ لەبارەى یاساکەوە کۆبوونەوە و لە بەیاننامەیەکى هاوبەشدا جەختیانکردەوە کە کاردەکەن بۆ یەکخستنى هەڵوێستى کورد لەو بارەیەوە.

 

خەسرو گۆران، بەرپرسی دەزگاى هەڵبژاردنى پارتى لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، "یاساکە دەنگى لەسەر دراوە، بەڵام هێشتا شێوازى دابەشکردنى بازنەکان روون نییە، ئەوەى گرنگە ئەوەیە لایەنە کوردستانییەکان یەک هەڵوێستیان هەبێت لەو بارەیەوە".



وتیشى، "هەوڵمان ئەوەیە کوردستانیەتى ناوچانە کوردستانییەکانى دەرەوەى ئیدارەى هەرێم لەدەستنەدەین، هەوڵبدەین لەگەڵ لایەنەکانى دیکە بەیەک ئاڕاستە مامەڵە لەگەڵ ئەو یاسایە بکەین، کورسییەکانمان زیاد بکەین نەک کەم".

 

لایەنە کوردییەکان کە پێکەوە دەنگدانیان بەیاساکە رەتکردەوە لە پەرلەمانى عێراق، لەسەر چەند پرسێک نیگەرانن لەوانە، شێوازى هەڵبژاردن و دابەشکردنى بازنەکان لە ناوچە جێناکۆکەکان و پرسی کۆتای ژنان.

 

بەڵام هێشتا ئەو لایەنانە هەڵوێستێکى هاوبەشیان گەڵاڵە نەکردووە لەبارەى داواکارییەکانیانەوە، لەکاتێکدا مشتومڕێکى توند لەگۆڕەپانى سیاسی عێراق لەسەر یاساکە و پرسى فرە بازنەیی لە ئارادایە.

 

هاوکات ڕزگار حاجى حەمە، بەرپرسى دەزگاى هەڵبژاردنى یەکێتى لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەنوسییەکەدا وتى، "کۆبوونەوەى دیکە ئەنجام دەدەین بۆ ئەوەى یەکهەڵوێست و یەکدەنگ بین بۆ گرتنەبەرى باشترین بژاردە بۆ بەشداریکردنمان لەهەڵبژاردنەکانى داهاتووى عێراق بەتایبەتى لەناوچە جێناکۆکەکان".

 

وتیشى، "لە یاساکەدا باس لە فرە بازنەیی و تاک کاندیدى کراوە، هەموو هەوڵەکانمان بۆ ئەوەیە پێکەوە وتوێژبکەین بۆ ئەوەى کۆکبین لەبارەى ئەو پرسەوە".

 

لەبارەى ئەگەرى یەکلیستى پارتى و یەکێتى یەوە، رزگار حاجى حەمە باسى لەوەکرد، باسیان لە لیستى هاوبەش نەکردووە، "بەڵام یەک هەڵوێستى و کۆدەنگى پێویستە لەسەر یاساکە، بەو پێیەى یاساکە بۆچوونى جیاوازى لەسەرە لەسەر پرسی یەک بازنەیی یاخود فرە بازنەیی، بۆیە پێویستە کورد یەکدەنگ بێت".