گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتى هەرێم باسى رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەکات دواى سەردانەکەى کازمى

2020.09.12 - 08:58
حکومەتى هەرێم باسى رێککەوتن لەگەڵ بەغدا دەکات دواى سەردانەکەى کازمى

ناس کورد-

 

وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، سەردانەکەى کازمى بۆ هەرێم رۆڵێکى گرنگى دەبێت بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا و گەیشتن بە رێککەوتن.

 

ئێوارەى دوێنێ هەینى مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران گەڕایەوە بەغدا، دواى سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان، لەیەکەم سەردانى لەو شێوەیەدا لەدواى گرتنە دەستى پۆستى سەرۆکوەزیرانەوە.

 

جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم بە میدیاى فەرمى عێراقى ڕاگەیاندووە "سەردانەکەى کازنى بۆ تەواوى هەرێم و بینینى بەرپرسان و هاوڵاتییان، یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەهێشتنى کۆسپ و تەگەرەکان، هیوادارین دەستپێشخەرییەکى خێر بێت بۆ چارەسەرى کێشە هەڵپەسێرداوەکان لەدواى ساڵى 2003ەوە تا ئێستا".

 

سەردانەکەى کازمى هاوکات بوو لەگەڵ دانوستانەکانى هەرێم و بەغدا بە ئامانجى گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن، دواى ئەوەى ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو رێککەوتنێکى کاتیان بۆ ئەمساڵ ڕاگەیاند.

 

جوتیار عادل وتى "حکومەتى هەرێم ئیرادەى تەواوەتى و راستەقینەى هەیە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنى هاوبەش بەپێی دەستور کە هەردوولا پێی رازى بن".

 

 ئاشکراشیکرد، هەرێم ئامادەیە داهاتى 250 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانە بداتە عێراق، هەروەها بەپێی دەستور دەروازە سنورییەکان بە هاوبەشى بەڕێوەببرێن .