ناس كورد-
سەردانەکەى مستەفا کازمى بۆ هەرێمى کوردستان، گەیاندنى پەیامێک بوو بۆ ناوخۆ و دەرەوە لەبارەى یەکپارچەیی خاکى عێراق و دەسەڵاتى دەوڵەت و یاسا بەسەر "دەروازە سنورییەکانى باکوردا" هاوشێوەى دەروازەکانى باشور، ئەوەش بەپێی رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق.
ئێوارەى دوێنێ مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق گەڕایەوە بەغدا، دواى سەردانێکى بۆ هەرێمى کوردستان کە تێیدا چاوى بەرپرسانى هەرێم کەوت و سەردانى سەرجەم پارێزگاکانى کرد.
رۆژنامەى سەباحى نیمچە فەرمى عێراق نوسیویەتى، بەدوور لەسەرجەم سەردانەکانى پێشووى حکومەتى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان، کازمى سوور بووە لەسەر ئاگاداربوون لە بارودۆخى هاوڵاتییان لەشارەکانى هەرێم بەوپێیەى بەشێکى دانەبڕوان لە گەلى عێراق، ماف و داواکانیان یەکە لە باکورەوە بۆ باشور.
ئاماژەى بەوەشکردووە، سەردانەکە پەیامێک بووە بۆ ناوخۆ و دەرەوە کە لەبارەى یەکێتى خاکى عێراقەوە، لەگەڵ دەسەڵاتى دەوڵەت و یاسا بەسەر "دەروازەکانى باکوردا" هاوشێوەى باشور.
هاوکات بەپێی ڕاگەیەنراوێکى نوسینگەکەى، لەسەردانەکەى کازمیدا بۆ هەرێمى کوردستان چەندین دۆسیە تاوێکران، کە دیارترینیان یەکخستنى هەڵوێستەکان لەسەر بنەماى نیشتیمانى، دۆسیەى هەڵبژاردنى پێشوەختە، بەردەوامى هەماهەنگى و هاریکاریی ئەمنى هێزە چەکدارەکان لەپێناو راوەدونانى پاشماوەکانى داعش.
ئاماژەى بەوەشکردووە، هەروەها کازمى لەکاتى سەردانیکردنى دەروازەى سنورى ئیبراهیم خەلیل لە پارێزگاى دهۆک بەڵێنیداوە بە کاراکردنى رێوشوێنەکان بۆ پارێزگارى لە بەرەوپێشبردنى کارەکان و گەیشتنى بە ئاستێک کە کاریگەرى ئیجابی هەبێت لەسەر ئابورى وڵات و خۆشگوزەرانى هاوڵاتییان.