گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح بۆ کازمی: دەرفەتێکی مێژوویی بۆ بەغدا و هەرێم هاتووەتە پێش

2020.09.11 - 21:01

ناس کورد-

بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ  مستەفا کازمی، ڕایگەیاند، دەرفەتێکی مێژوویی هاتووەتە پێش بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بەتایبەت لەپرسی موچەدا.

 

 

ئەمڕۆ هەینی 11ی ئەیلولی 2020، کۆبوونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە بەشداری یەکێتی، یەکگرتوو و گۆڕان بەڕێوەچوو.

 

 بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا، بەرهەم ساڵح بە مستەفا کازمی: "تۆ خۆت کوردستانید، لەناو کەسوکاری خۆتدایت، چیاکانی کوردستان هەمیشە پەناگەیەک بوون بۆ ئازادی خوازانی عێراق."

 

سەرۆککۆماری عێراق ئەوەشی بە مستەفا کازمی ڕاگەیاندووە: "دەرفەتێکی مێژووی گرنگ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدڕاڵ هاتووەتەپێش و هەموو ئاماژە باشەکان لە تۆدا ئەوە دەبینم کە بتوانی کێشەکان چارەسەر بکەیت لەسەرجەم ناوچەکانی عێراق."  

 

هاوکات مستەفا کازمی بە بەرهەم ساڵحی وتووە:  "لە مێژووی ئەم ناوچەیە تێدەگەم کە پەناگەیەکی ئارام بوو بۆ خودی خۆم و ژمارەیەک لە هاوڕێکانم، ئێمە هەرگیز ئەو شتە لەبارەی کوردستان لەیاد ناکەین".

 

سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەوەشی ڕاگەیاندووە: "ئێستا بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕین و دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ ئەو ئەزموونە بکەین، دان بەوەدا بنێین کە شکستمان هێناوە لە دوای 2003 بۆ دامەزراندنی حوکمێکی رەشید لە عێراق".

 

کازمی جەختیشیکردووەتەوە: "ئێستا دەبێت بگەڕێین بە شوێن دەرفەتێکدا بۆ گۆڕینی ئەو شکستە بۆ سەرکەوتن، لە رێگەی من و تۆ و هەموو کەسە باشەکانی دیکە، پشت بەخوا سەرکەوتوو دەبین."

 

هاوکات مستەفا کازمی سوپاسی بەرهەم ساڵحی کردووە بۆ هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی ئاستەنگییەکانی بەردەم حکومەتی ناوەندی لە بابەتی مووچە و بەشێك لە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان".