گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

زانکۆیەکى ئەمریکی: لەدوای ڕووداوەکەی 11ى سێپتەمبەرەوە 37 ملیۆن هاووڵاتى ئاوارەبوون

2020.09.11 - 19:29
زانکۆیەکى ئەمریکی:  لەدوای ڕووداوەکەی 11ى سێپتەمبەرەوە 37 ملیۆن هاووڵاتى ئاوارەبوون

 

ناس کورد- 

ڕاپۆرتێکی زانکۆیەکى ئەمریکى ئاشکرایکردووە، لەسەرەتاى هەڵێگرسانى شەڕى دژى تیرۆر لەلایەن ئەمریکاوە کە لەدواى ڕوداوەکەى 11ی سێپتەمبەرەوە دەستپێکردووە، نزیکەى 37 ملیۆن هاوڵاتى لەناوچەکانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاست دووچارى ئاوارەبوون بوون.

 

ڕاپۆرتەکە کە زانکۆی براونی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، باسى لەشەڕەکانى ئەمریکا کردووە کە لەدژى تیرۆر لەدواى هێرشەکەى 11 سێپتەمبەر دەستپێکردووە بەتایبەت لە عێراق و ئەفغانستان، هەروەها بەشدارى کرد لەڕووداوەکانى لیبیا و سوریا و و ڕەوانە کردنى چەک و هێرشى ئاسمانیى لەیەمەن و سۆماڵ و فلپیین.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لەساڵانى دوور و درێژى شەڕ و ناکۆکییەکانى عێراق، بووەتەهۆى ناسەقامگیرى و نزیکەى نۆ ملیۆن و 200 هەزار هاوڵاتى ئاوارەبوون، ئەوەش لەناو ئەو هەشت شەڕە سەربازییەدا بووە کە گران لەسەر ئەمریکا کەوتووە.

 

ڕاپۆرتەکە کە پشتى بەستووە بە ئامارى ڕێکخراوێکى تایبەتمەندى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کارووبارى پەنابەران، ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆى شەڕ و ناکۆکیەکانەوە لەسوریا نزیکەى حەوت ملیۆن و 100 هەزار کەس ئاوارە بوون و لەئەفغانستان پێنج ملیۆن و 300 هەزار کەس و لەیەمەن چوار ملیۆن و 400 هەزار کەس و لە سۆماڵ چوار ملیۆن و 200 هەزار کەس و لە پاکستان حەوت ملیۆن و 300 هەزار کەس و فلپین ملیۆنێک و 700 هەزار کەس و لیبیا ملیۆنێک و 100 هەزار کەس ئاوارەبوون.

 

لەڕاپۆرتەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو، تەنها ئەمریکا هۆکارى ئاوارەبوونى خەڵکى نین لەو وڵاتانە، بەڵکو چەند هۆکارێکى دیکەى ناوچەى هەیە و شێوازى شەڕەکان و ناکۆکییە سیاسیى و ئابوورى و کۆمەڵایەتیەکانیان بۆ ئەو لێشاوى ئاوارەبوونە لەو ناوچانە کەبوونەتە پاڵنەرى ئاوارەبوون باسکراوە.