ناس کورد-
ماوەی دوو ڕۆژە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێل لە دەروازەی سنوریی باشماخ ڕاگیراوە و دەوترێ بەهۆی سەردانەکەی کازمییەوەیە، بەڵام بەڕێوەبەری دەروازەی سنوریی باشماخیش ڕەتیدەکاتەوە هۆکارەکە ئەوە بێت و دەڵێت، بەهۆی هەندێک کێشەوە بووە و لە سبەینێوە هاتوچۆ دەستپێدەکاتەوە.
ماوەی دوو ڕۆژە هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر لەدەروازەی سنوریی باشماخەوە بۆ هەرێمی کوردستان ڕاگیراوە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ هاتنی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێم و سەردانیکردنی بۆ دەروازە سنورییەکان، لەنێویاندا باشماخ.
عەلی حەمەساڵح، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردەوە: "لەترسی کازمی قاچاخی لە خاڵە سنورییەکان راگیراوە و لەیەک خاڵی سنوریی لەدیوەی ئێران، زیاتر لە 500 بارهەڵگر ڕاگیراون."
لەوبارەیەوە لیوا مەریوان عومەر، بەڕێوەبەری دەروازەی سنوریی باشماخ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "هۆکاری ڕاگرتنی هاتنەناوەوەی بارهەڵگر کێشەیەکی تەکنیکییە لەگەڵ دیوی ئێرانی دەروازە سنورییەکە و هیچ پەیوەندییەکی بە هاتنی مستەفا کازمییەوە نییە."
وتیشی: "لەگەڵ بەرپرسانی ئێران گفتوگۆمان کردووە و کێشەکە چارەسەرکراوە و لە سبەینێوە هاتنەناوەوەی بارهەڵگرەکان دەستپێدەکاتەوە."
سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی دەروازەی سنوریی باشماخیش دەکات و بەڕێوەبەری دەروازەکەش وتی: "ئامادەکاریمان کردووە بۆ پێشوازی لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و نزیکەی دوو کاتژمێر لە دەروازەکە دەمێنێتەوە."