ناس کورد-
مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری گەیشتنە پارێزگای هەڵەبجە و بڕیارە لەگەڵە بەرپرسانی پارێزگاکە کۆببێتەوە و دواتریش سەردانی دەروازەی سنوریی باشماخ بکات.
پاش کۆتایی هاتنی کۆبوونەوەکانی لەشاری سلێمانی، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، مستەفا کازمی گەیشتە پارێزگای هەڵەبجە و لەیەکەم سەرداندا لەو پارێزگایە تاجە گوڵینە لەسەر پەیکەری عومەری خاوەر، ڕەمزی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە دادەنێت.
بڕیارە کازمی لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری پارێزگای هەڵەبجە کۆببێتەوە و دواتریش سەردانی دەروازەی سنوریی باشماخ بکات و دەروازەکە بەسەربکاتەوە.
هەر ئەمڕۆ هەینی، مستەفا کازمی لەهەولێر لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و دواتر سەردانی شاری سلێمانی کرد.
کازمی لەشاری سلێمانی لەگەڵ بەرپرسانی پارێزگای سلێمانی کۆبووەوە و دواتر چووە سەرگۆڕی، جەلال تاڵەبانی، سەرکردەی کۆچکردووی کورد و سەرۆککۆماری پێشووی عێراق، دواتریش لە مێرگەپان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکاندا کۆبووەوە.