گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

 ’لە زستان و پایز مەترسییەکانی ڤایرۆسەکە زیاتردەبێت’  

ڤاوچی: نابێت گاڵتە بەتوانای ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت لەدروستکردنی کارەسات

2020.09.11 - 13:40
App store icon Play store icon Play store icon
ڤاوچی: نابێت گاڵتە بەتوانای ڤایرۆسی کۆرۆنا بکرێت لەدروستکردنی کارەسات

ناس کورد-

بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان ڕایگەیاند، نابێت توانای ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دروستکردنی کارەسات بەکەم لەقەڵەم بدرێت، هۆشیداری ئەوەشیدا، لەگەڵ نزیکبوونەوەی "وەرزی پایز و زستان" وڵاتەکەی دوچاری دۆخێکی سەخت و دژوار ببێتەوە.  

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ئەنتۆنی ڤاوچی، بەڕێوەبەری پەیمانگای نیشتیمانی ئەمریکا بۆ نەخۆشییە گوازراوەکان لە میانەی کۆڕێکی پزیشکیدا لە زانکۆی"هارڤارد"ی ئەمریکی ڕایگەیاند "ئێمە پێویستمان بەوەیە تواناکانمان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وەرزی پایز و زستاندا چڕبکەینەوە، ئەو کارەش ئەوەندە ئاسان نییە".

 

وتیشی "نابێت بەهیچ شێوەیەک لە توانای ڤایرۆسەکە لە دروستکردنی کارەسات کەم بکەینەوە".

 

ڤاوچی، بەراوردێکی لەنێوان نەخۆشی ئایدز و ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد وتی "نەخۆشی ئایدز کە لەهەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا سەریهەڵدا، سەرەتا تەنها ژمارەیەکی توشبوونی کەمی تۆمارکرد، بەڵام دواتر قوربانیانی ئەو نەخۆشییە بەخێرایی هەڵکشا و ژمارەی مردن بەنەخۆشییەکە ترسناک بوو، بۆیە دەبێت مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەهەند وەربگیرێت".

 

لەبارەی ئەو ڤاکسینانەی کە لە ئێستادا ئەمریکا سەرقاڵی دروستکردنیەتی ڤاوچی وتی "تاقیکردنەوەکان بەشێوەیەکی باش بەرەوپێشەوە دەچن، پێشبینی دەکرێت لەسەرەتایی ساڵی داهاتوودا یەکێک لەو ڤاکسینانە بەردەست بێت".

 

 لێدوانەکانی ڤاوچی لە کاتێکدایە کە پێشتر ڕایگەیاندبوو، کە ئەمریکا ڕۆژانە زیاتر لە 40 هەزار حالەتی نوێی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمار دەکات و ئاواتخوازە  بتوانرێت ئەو ژمارەیە کەمبکرێتەوە بۆ 10 هەزارحاڵەت لە ڕۆژێکدا.

 

 لە ئێستادا ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە ئەمریکا گیرۆدەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون شەش ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە و زیاتر لە 190 هەزار کەسیش لەو وڵاتە بە ڤایرۆسەکە مردون، ئەمریکا لە ئێستادا ڕیزبەندی یەکەمی هەیە لەسەر ئاستی جیهان لە ژمارەی توشبوون بە پەتاکە و لە پلەی 12دایە لە ژمارەی مردن بە ڤایرۆسەکە.



بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی توشبووان بەپەتای کۆرۆنا لە جیهاندا نزیکبووەتەوە لە 28 ملیۆن کەس و نزیکەی ملیونێک کەسیش بەهۆی توشبوونیان بە نەخۆشییەکە مردون. 

 

ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ یەکەمجار لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 لە شاری ووهانی وڵاتی چین سەریهەڵدا و دواتریش بە خێرایی بە نێو وڵاتانی سەر زەوی تەشەنەی کرد.