گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مستەفا کازمى و شاندى یاوەرى گەیشتنە شارى سلێمانى

2020.09.11 - 11:33
App store icon Play store icon Play store icon
مستەفا کازمى و شاندى یاوەرى گەیشتنە شارى سلێمانى

ناس کورد- 

مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و شاندى یاوەرى لە ڕێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى سلێمانییەوە گەیشتە شارى سلێمانى و لەلایەن پارێزگارى سلێمانى و بەرپرسانى ئەو شارە پێشوازییان لێکرا.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

ناس کورد زانیوویەتى لە سەردانەکەى بۆ سلێمانى، مستەفا کازمى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ پارێزگارى سلێمانى و بەرپرسانى یەکە ئیدارییەکان و ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆدەبێتەوە. 

 

هاوکات سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى مەزارى مام جەلال سکرتێرى گشتى کۆچکردووى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان دەکات و تاجە گوڵینەى ڕێز و وەفا لەسەر گڵکۆى مام جەلال دادەنێت. 

 

پێشتر ناس کورد لەسەر زارى پەیامنێرەکەى لەشارى سلێمانییەوە بەرنامەى کارى سەردانەکەى کازمى و شاندى یاوەرى بۆ پارێزگاى سلێمانى و هەڵەبجە بڵاوکردەوە و تیایدا هاتبوو: 

 

 لەیەکەم وێستگەى سەردانەکەى بۆ شارى سلێمانى سەرۆکوەزیرانى عێراق لەگەڵ د.هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگارى سلێمانى کۆدەبێتەوە و هەروەها لەگەڵ بەرپرسانى یەکە ئیدارییەکانى ئەو شارە و ئەنجوومەنى پارێزگاى سلێمانى کۆدەبێتەوە.  

  

ئاماژەى بەوەش کرد، لەنیوەڕۆدا مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و شاندى یاوەرى سەردانى مێرگەپان دەکات و بەشدارى ئەو نیوەڕۆ خوانە دەکات کە د.بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق بۆ کازمى و شاندە یاوەرەکەى و لایەنە سیاسیەکان سازى کردووە.  

  

پەیامنێرى ناس کورد رونیکردەوە، لەپاشنیوەڕۆدا مستەفا کازمى سەردانى پارێزگاى هەڵبەجە دەکات و لەگەڵ پارێزگار و بەرپرسانى ئەو پارێزگایە کۆدەبێتەوە و مۆنۆمێنتى شەهیدانى هەڵەبجە بەسەردەکاتەوە و هەروەها سەردانى مەرزى باشماخ دەکات و لە شێوازى کارى مەرزەکە دەکۆڵێتەوە.  

  

دوێنێ (پێنجشەممە) مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسى حکومەتى هەرێمەوە پێشوازى لێکرا.        

  

کازمى لە سەردانەکەیدا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کۆبوەوە  و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا گفتگۆى لەبارەوە کرا و لەپاشان سەردانى زاخۆى کرد و دەروازەى سنورى ئیبراهیم خەلیلى بەسەرکردەوە.