گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لێدوانی کازمی لەبارەی کارەکانی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل

2020.09.10 - 18:32
App store icon Play store icon Play store icon
لێدوانی کازمی لەبارەی کارەکانی دەروازەی سنوریی ئیبراهیم خەلیل

ناس کورد- 

مستەفا كازمى، سەرۆكوەزيرانى عێراق ئ لە ميانەى سەردانەكەيدا بۆ هەرێمی کوردستان، چووە دەروازەى سنوريى ئيبراهيم خەليل و تەئكيدى كردەوە، پێويستە دەروازەكە گەشەى پێبدرێت، هاوکات، وتەبێژى جێگرى سەرۆكى حكومەتى هەرێميش دەڵێت، هەرێم لارى نييە كازمى سەردانى هەر دەروازەيەكى سنوريى بكات و ئامادەیی نیشانداوە %50ی داهاتی دەروازەکان ڕادەستی بەغدا بکات. 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

نوسينگەى مستەفا كازمى لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاويكردوەتەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكوەزيران دەروازەى ئيبراهيم خەليلى لە قەزاى زاخۆى سەربە پارێزگاى دهۆك بەسەر كردوەتەوە و چاوى بە بەرپرسانى دەروازەكە كەوتووە و سەيرى ڕێكارەكانى بەڕێوەچوونى گومرگيى و باج و ئاليەتەكانى لەو دەروازە گرنگە كردووە.

 

بەپێى ڕاگەیەندراوەکە، كازمى تەئكيدى كردوەتەوە، سەردانى بۆ هەرێمى كوردستان لەميانەى هەوڵەكانیانە بۆ ئەوەى حكومەتى ناوەند و هەرێمى كوردستان شانبەشانى يەكتر بوەستن لە هەموو بوارەكاندا، لەوانەش چالاككردنى كارى دەروازە سنوريیەكان و پێشیوايە، كەشى ئيجابى لە هەولێر لە بەرژەوەندى وڵات و گەلەكەيەتى.

 

سەرۆكوەزيرانى عێراق هێماى بۆ ئەوەشكردوە: "پێويستە دەروازەى ئيبراهيم خەليل گەشەى پێبدرێت، لايەنە تايبەتمەندەكانى بەغدا و هەرێم هەوڵى كۆبوونەوە دەدەن بەمنزيكانە،ئەوەش لەپێناو هەماهەنگی و گەيشتنە حاڵەتێكى تەواو كە كاريگەرى ئيجابى لەسەر هاوڵاتيانى هەموو عێراق هەيە.

 

كازمى وتوشيەتى: "لە كارە لەپێشينەكانى حكومەت ئاسانكارى جوڵەى بازرگانى و لابردنى سەرجەم بەربەستەكانە كە لەبەردەم گەشەسەندنى پرۆسەى ئاڵوگۆڕى بازرگانى، چونكە ئەوە دەبێتە هۆى هەستانەوەى ئابورى عێراق و هەمەجۆرى داهات."

 

لەلايەكى ترەوە سەبارەت بە سەردانەكەى كازمى بۆ دەروازەى ئيبراهيم خەليل، سەمير هەورامى، وتەبێژى جێگرى سەرۆكى حكومەتى هەرێم لە لێدوانێكى ڕۆژنامەوانيدا وتويەتى: "حكومەتى هەرێم كێشەى نييە سەرۆك وەزيرانى عێراق سەردانى خاڵى سنوريى ئيبراهيم خەليل، ياخود هەر خاڵێكى ترى سنوريى بكات." 

 

ڕونيشيكردوەتەوە: "هەرێم بە ناوەندى ڕاگەياندوە كە ئامادەيە ئيدارەى دەروازەكان بە هاوبەشى بێت و 50% ى داهاتەكەشى ڕادەستى بەغدا بكات."

 

هەورامى وتوشيەتى، ئەگەر بەغدا بڕياربدات ليژنەى چاودێرى بنێرێتە دەروازە سنوريەكان ئەوا كارەكانى بۆ ئاساندەكرێت و هاريكارى دەكرێت.

 

ئەوەشى ئاشكرا كرد، سەردانەكەى ئەمڕۆى كازمى تەركيزى خستوەتە سەر وردەكارى چارەسەرى كێشەكانى نێوان هەردوولا و لەڕێگەى گفتوگۆوە،  ئەوەش لەرێگەى ڕێكکەوتن لەسەر پشكى كورد لە پرۆژە ياساى بودجەى ساڵى داهاتوو دەردەكەوێت، هەرێميش نەرمى پيشاندانەوە بۆ هاوكارى تەواو.