گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەسرور بارزانی بۆ مستەفا کازمی: پێویستە موچە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت

2020.09.10 - 17:06
App store icon Play store icon Play store icon
مەسرور بارزانی بۆ مستەفا کازمی: پێویستە موچە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت

ناس کورد-

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی عێراقدا ڕایگەیاند، مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی ڕەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت، هاوکات مستەفا کازمی ڕایگەیاند، دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکومەتی عێراق.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2020، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، پێشوازی لە مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد .

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق نیشاندا و بە ئاماژەیەکی ئەرێنی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دانا.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە: "کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تەنیا مووچە و بودجە نییە و هیوادارین هەموو کێشەکە هەڵپەسێردراوەکان لە ئایندەیەکی نزیکدا بەشێوەی٤کی بنەڕەتی لە سەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن."

 

مەسرور بارزانی وتیشی: " مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم بێت یان هەر ناوچەیەکی دیکەی عێراق، مافێکی ڕەوای خەڵکە و پێویستە تێکەڵی کێشە سیاسییەکان نەکرێت."

 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لەوەکردەوە: "هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ و قەیرانی دارایی و دۆخی نالەباری تەندروستی بوونەتەوە بۆیە ئامادەیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم کێشەکان دەردەبڕین بە شێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت."

 

بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان جەختیشی لە گرنگیی چارەسەرکردنی کێشەکانی بودجە و نەوت و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە کردەوە، بەتایبەتی کاراکردنی میکانیزمی هەماهەنگی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش.

 

هاوکات لە کۆبوونەوەکەا، سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد: "هاتنی ئەو شاندە گەورە و گرنگەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان، ئاماژەیەکی بەهێزە بۆ ئامادەییمان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دانانی بنەمایەکی نوێ و پتەوە بۆ پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی.

 

سەرۆکوەزیرانی عیراق وتیشی: " سەرکەوتنی هەر بەشێکی عێراق سەرکەوتنە بۆ هەموو عێراق و من گەشبینم کە بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەموو پێکهاتە و بەشەکانی عێراق، دەتوانین بەسەر ئاستەنگەکان سەربکەوین و ئێستاش دەرفەت و تێگەیشتنێکی نوێی باش هەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان ."