ناس کورد-
دوای ئەوەی کەسوکاری دوو کچە کوژراوەکەی چەمچەماڵ ئامادەنەبوون تەرمەکانیان وەربگرنەوە، قائیمقامی چەمچەماڵ خۆی کرد بە کەسوکاری کچەکان و ئەمڕۆ پێنجشەممە لە مەراسیمێکدا بەخاکسپێردران.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
لەڕاگەیەندراوێکدا قائیمقامییەتی قەزای چەمچەماڵ ڕایگەیاند: "نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە 10ی ئەیلولی 2020، دوای ئەوەی قائیمقامی چەمچەماڵ ئەرکی وەرگرتن و بەخاکسپاردنی تەرمی ئەو دوو کچەی گرتە ئەستۆ کە بەداخەوە بە کوژراوی لە چاڵێکدا لە یەکێک لە گوندەکانی سنورەکە شاردرابوونەوە ، لە مەراسیمێکدا بەخاکسپێردران."
ئاماژەی بەوەشکردووە: "تەرمەکان بەڕێزەوە لە پزیشکی دادوەری سلێمانی وەرگیرانەوەو لە مزگەوتی مجمع لە قەزای چەمچەماڵ مەراسیمی شوشتن و کفنکردنیان بۆ کرا و دواتر لە گۆڕستانی نوێی چەمچەماڵ و لەمەراسیمێکی شایستەدا و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتیان و بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و مامۆستایانی ئاینی و ڕێکخراوەکانی ژنان بە خاک سپێردران ."
هاوکات لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕەمەک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ وێڕای دەربڕینی خەمێکی قوڵ لە ناخی هەموو چەمچەماڵیەکاندا ڕایگەیاند: " ئێمە دوێنی لە نەخۆشخانە لە خزمەتی تەرمی ئەم دوو کچە ئازیزەماندا بووین و ڕەوانەی پزیشکی دادی سلێمانیمان کردن، ئەمڕۆش دوای تەواوبونی لێکۆڵینەوەکانی پزیشکی دادی خۆمان کرد بە کەسوکاری ئەم دوو کچە و تەرمەکانمان وەرگرتەوە و بە مەراسیم بەخاکمان سپاردن."
وتیشی: "تا ئێستا تۆمەبار باوکی کچەکانە بەو سیفەتەی هەم وەلی ئەمریانە و دەبێت ئاگاداریان بێت و هەروەها بە بەڵێننامەی دادوەر ئەم کچانەی لە توندوتیژی خێزانی وەرگرتۆتەوە ، بۆیە فەرمانی گرتنی هەیە و تا ئێستا دەستگیر نەکراوە ."
قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەشکرد، لە کاتی وەرگرتنەوەی ڕاپۆتەکانی پزیشکی دادوەری و هەر زانیارییەکی تر لەسەر کەیسەکە بۆ هاوڵاتیان ئاشکرا دەکەن .
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی قائیمقامییەتی چەمچەماڵ، وەرگرتنەوە تەرمی ئەو کچانە دوای ئەوەبوو کەس و کاریان ئامادەی وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان نەبوون و قائیمقامی چەمچەماڵ و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی شارەوانی و توندوتیژی خێزانی و پۆلیس و تەندروستی بەکارەکە هەڵسان و بە ڕەچاوکردنی بنەما ئاینیەکان بەخاکسپێردران .