گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’بارزانى خۆشحاڵ بووە بەسەردانەکەى کازمى’ 

کازمى بۆ بارزانى: هەرێمى کوردستان بەشێکى سەرەکییە لەعێراق 

2020.09.10 - 15:18
کازمى بۆ بارزانى: هەرێمى کوردستان بەشێکى سەرەکییە لەعێراق 

ناس كورد- 

مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە میانەى کۆبوونەوەى لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان رایگەیاند "هەرێمى کوردستان بەشێکى سەرەکییە لەعێراق و پێویستە دانوستانەکانى نێوان فیدراڵ و هەرێم بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان تەواو بکرێن".

 

نوسینگەى ڕۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق راگەیەندراوێکى لەبارەى کۆبوونەوەى کازمى و بارزانى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد، لەدیدارەکەى نێوان مستەفا کازمى و مەسعود بارزانى سەرۆکى پارتیدا کۆى بارودۆخە گشتیەکان و دیارترین ئاڵنگارییەکانى وڵات تاوتوێ کراوە هەروەها باس لەیەکگرتنى هەڵوێستەکان لەسەر ئاستى نیشتیمانى کراوەتەوە سەربارى قسەکردن لەسەر بەڕێوەچوونى پڕۆسەى هەڵبژاردنى پێشوەخت.

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە، کازمى لەو دیدارەدا جەختى لەسەر ئەوە کردووەتەوە، عێراق لەڕووى کردارییەوە پێویستى بەچاکسازییە و دەشبێت ئەو پرسە لەپێشینە بێت بۆ کارکردنى نیشتیمانى و تێپەڕاندنى وڵات بەسەر ئاڵنگارییە بەردەوامەکاندا.

 

کازمى ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، هەماهەنگى لەسەر ئاستى هێزە چەکدارەکان بەهەمو چەشنەکانیەوە لەگەڵ هێزەکانى پێشمەرگە یارمەتى سەرکەوتنى زیاتر بەسەر چەکدارانى داعشدا دەدات و ئەوەش خاک دەپارێزێت و دەرفەتى ئاوەدانى و گەشەپێدانى وڵات زیاتر دەڕەخسێنێت.

 

هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا رونکراوەتەوە، سەرۆکوەزیرانى عێراق باسى لەوەش کردوە، هەرێمى کوردستان بەشێکى سەرەکی و تەواوکارییە لەعێراق و دیالۆگ و دەستور دەبنە چەترێک بۆ ڕەخساندنى ئایندەیەکى عێراقێکى سەقامگیر و یەکگرتوو و تەواوکردنى هەڵوێست و لێتێگەیشتنەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێم گرنگە.

 

کازمى ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، لەئێستادا دەرفەتێک هاتووەتە پێشەوە بۆ ئەوەى ئاستى عێراق لەگۆڕەپانى نێودەوڵەتیدا بەرز ڕابگیرێت هەروەها پێگەى عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا پتەو بێت.

 

ڕاگەیەندراوەکە ئاماژە بەوە دەکات، لە کۆبوونەوەکەدا مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى خۆشحاڵى خۆى بەسەردانەکەى مستەفا کازمیى دەربڕیوە و جەختى لەسەر چارەسەرکردنى کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان حکومەتى فیدراڵ و هەرێم کردووەتەوە.