گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەیمانێتییەکەى عەبادى لەبارەى سەردانەکەى کازمى بۆ هەرێم هاتە دەنگ

2020.09.10 - 14:27
هاوپەیمانێتییەکەى عەبادى لەبارەى سەردانەکەى کازمى بۆ هەرێم هاتە دەنگ

ناس کورد-

هاوپەیمانێتى نەسڕ بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى، راگەیەندراوێکى لەبارەى سەردانەکەى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ هەرێمى کوردستان، بڵاوکردەوە.

 

لە راگەیەندراوەکەى هاوپەیمانێتى نەسڕ، داوا لە مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق کراوە کە ڕێکخستنێکى جددى ئەنجام بدات بۆ پەیوەندى نێوان بەغدا و هەرێم و بەگوێرەى دەستور و یاسا کێشەکان چارەسەر بکرێت.

 

لە راگەیەندراوەکەدا بەپێویستزانراوە کە حکومەتى عێراق دۆسیەکانى نەوت و دەروازە سنورییەکان و گومرگەکان یەکلایى بکاتەوە و چاودێرى دارایى فیدراڵى بچنە هەرێمى کوردستان بۆ وردبینى کردن. تا لەو ڕێگەیەوە گرەنتى دادپەروەرى بکرێت و بنەماکانى دەستور جێبەجێ بکرێت.

 

 ئەمڕۆ مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەرێمى کوردستان و لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر لەلایەن مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسى حکومەتى هەرێمەوە پێشوازى لێکرا.     

 

کازمى لە سەردانەکەیدا لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە و کێشە هەڵپەسێردراوەکانى نێوان هەرێم و بەغدا گفتگۆى لەبارەوە دەکرێت و لەپاشان سەردانى زاخۆ دەکات و سبەینێ (هەینى) سەردانى شارى سلێمانى دەکات.     

 

ناس کورد زانیوویەتى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە پارێزگاى هەولێر و دهۆک و سلێمانى سەردانى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان دەکات وەک ئاماژەیەک بۆ بەستنەوەى ئەو دەروازە سنورییانە بە دەستەى دەروازە سنورییەکانى عێراقەوە.