گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مستەفا کازمی ’’دێتە هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەى چەند پرسێکی گرنگ’’

2020.09.09 - 15:46
مستەفا کازمی ’’دێتە هەرێم بۆ یەکلاییکردنەوەى چەند پرسێکی گرنگ’’

ناس كورد-

هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری گۆڕان ڕایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق "دێتە هەرێم بە مەبەستی یەکلاکردنەوەی پرسی دەروازە نێودەوڵەتیەکان و سپاردنیان بە دەستەی دەروازە فیدراڵییەکان."

 

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلولی 2020، هۆشیار عەبدوڵا کە ئەندامى لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقە لە فەیسبوکی خۆی ئەو زانیارییەى بڵاوکردووەتەوە، بەبێ ئەوەى وردەکاریی زیاتر بخاتەڕوو.

 

هۆشیار عەبدوڵا دەڵێت "ڕەشنوسی بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2020 لە ئەنجومەنی وەزیران تێدەپەرێت، و دەنێردرێ بۆ پەرلەمان، ئەمڕۆ بە شێویەکی نافەرمیی کۆپیەکمان دەستکەوت، پەیوەست بە پشکی هەرێم گۆڕانکاریەکی ریشەیی ئەوتۆ نابینرێ و نزیکە لە یاسای بودجەی ساڵی 2019، رێوشوێنی زیاتر سەبارەت بە گێرانەوەی داهاتی نەوتی و نانەوتی هەرێم خراوەتە ڕوو."

 

ئاماژەى بەوەشکردووە، "یاسای بودجەی ساڵی 2020 زیاتر بۆ ئەوەیە کە حکومەتی عێراق بە شیوەیەکی یاسایی دەستکراوە بکا نزیکەی 27 ملیار دۆلاری تر قەزر بکا بۆ دابینیکردنی موچەی فەرمانبەرانی عێراق بۆ ئەو چەند مانگەی لە ساڵی 2020 ماوە."

 

هاوکات ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی حکومەتی عێراق بڵاویکردەوە، بە ئەگەڕێکی زۆرەوە هەولێر و بەغدا دەگەنە "ڕێککەوتنێکی نیمچە کۆتایی" لەبارەى سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان، "چونکە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی هەیە بۆ نزیکبوونەوەی تێڕوانین و بیروبۆچوونی هەردوولا".  

  

ئەمڕۆ چوارشەممە، 9ی ئەیلولی 2020، ڕۆژنامەکە لە ڕاپۆرتێکدا باس لە کۆبوونەوەکانی دوێنێ شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێم دەکات لە بەغدا، شاندەکە سەرەتا لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق و دواتر لەگەڵ مستەفا کازمیی سەرۆکوەزیران کۆبوونەوە.  

  

بەپێی ڕاگەیەنراوی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە "هەماهەنگی نێوان دەزگاکانی دەوڵەت و کاری پێکەوەیی هەردوولا کرا بۆ بەدەستهێنانی داواکاری و بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق بە گشتی."    

me_ga.php?id=903  

دەشڵێت، کازمی جەختیکردووەتەوە لەسەر "هەماهەنگی تەواو لە نێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵنگارییانەى کە توشی وڵات بوون بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و کاریگەرییە خراپەکانی پەتای کۆرۆنا."    

  

زیاتر بخوێنەوە: نوسینگەى کازمی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەى لەگەڵ شاندی هەرێم ئاشکرا کرد  

  

لە کۆبوونەوەکاندا بڕیار دراوە بە پێکهێنانی چەند لیژنەیەکی تایبەتمەند و لاوەکی بۆ چڕکردنەوەى گفتوگۆکان لەبارەى "نەوت و غاز و شایستە داراییەکان و کارەبا و دەروازە سنورییەکان و قەرز).  

  

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیرانی حکومەتى هەرێم بە ڕۆژنامەکەى وتووە، "حکومەتى هەرێم ئامادەیی خۆی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی نیشانداوە لەبارەى دۆسییەکانی داهاتی نەوت و نانەوتی، هەروەها داهاتی دەروازە سنورییەکان."  



  

دەشڵێت، "دانوستان و کۆبوونەوەکان لەگەڵ حکومەتى بەغدا بەردەوامە بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و ماوەى سێ ڕۆژی پێ دەچێت، بۆیە ئومێدمان زۆرە بگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا."  

  

هەرچەندە هەندێک لە کێشەکان بۆ ساڵی 2003 دەگەڕێنەوە، بەڵام سەمیر هەورامی جەختیکردووەتەوە کە "نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی" هەیە بۆ نزکیبوونەوەى بۆچوونەکان لەنێوان هەردوولا بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن."  

  

باسی لەوەشکردووە کە "بەغدا لەئێستادا سەرقاڵی نوسینەوەى ڕەشنوسی بودجەى 2021ـە، بۆیە دەمانەوێت لەڕێگەی کۆبوونەوە و دانوستانەکانەوە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان جێگیر بکەین پێش ئەوەى ڕەوانەى پەرلەمانی کوردستان بکرێت و دەنگی لەسەر بدرێت، بۆیە ئەوەى بەرچاوڕوونییەکی باش هەبێت و دور بکەوینەوە لە هەر کێشە و بەربەستێک."