گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فرە بازنەیی؛ هەلى سەدر و کابوسى مالیکى

کورد و سونە بەرەو هاوپەیمانى نوێ

2020.09.09 - 13:15
App store icon Play store icon Play store icon
کورد و سونە بەرەو هاوپەیمانى نوێ

ناس کورد-

فرە بازنەیی هەڵبژاردنەکان بە "هەلێکى گەورە" دادەنرێت لەبەردەم موقتەدا سەدردا بۆ ئەوەى لەهەڵبژاردنى داهاتوودا سەرکەوتن تۆمار بکات، هەروەها بە پێچەوانەى جارەکانى پێشووەوە پێناچێت کورد ئەمجارە دژایەتى ئەو بۆچوونە بکات، بەتایبەت کە بارزانى لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ حەلبوسى دژایەتییەکى روونى لەو بارەیەوە پیشاننەداوە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

لەئێستادا کێبڕکێیەکى سیاسی گەرم لە عێراق لەبارەى بازنەکانى هەڵبژاردنەوە لە ئارادایە، تا لە پاشکۆى یاساى هەڵبژاردنەکان کە پەرلەمان پەسەندیکردووە جێگیربکرێت، کە خواستى شەقام بوو بە ئامانجى رێگریکردن لە هەژمونى حزبە شیعییەکانى سەر بە ئێران.

 

عێراق لە هەڵبژاردنەکانى پێشوودا پشتى بە رێگەى نوێنەرایەتیکردنى ڕێژەیی بەست بەشێوەیەک هەر پارێزگایەک کرابووە یەک بازنە بەپێی سیستەمى لیستى داخراو و کراوە، کە رێگەى بە کاندیدەکان دەدا دەنگى کەم بەدەستبهێنن، تەنها لیستەکان دەنگى زۆریان بەدەستدەهێنا.

 

بەڵام کاتێک عێراقییەکان ڕژانە سەرشەقام لە فراوانترین خۆپیشانداندا لە تشرینى 2019، پشتبەستن بە فرە بازنەیی لە هەڵبژاردنەکان یەکێک لە دیارترین داواکارییەکانیان بوو، کە دواتر لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەندکرا.

 

  بەپێی سیستمى فرە بازنەیی، پارێزگاکان بەسەر چەند بازنەیەکدا دابەشدەکرێن بەپێی ژمارەى کورسییەکانیان، ئەوانەى زۆرترین دەنگ دەهێنن کورسییەکان دەبەنەوە.

 

بەپێی راپۆرتێکى رۆژنامەى (ئەلعەرەب)ى لەندەنى، محەمەد حەلبوسى، سەرۆکى پەرلەمان ماوەى چەند مانگێکە بە ئاڕاستەى جیاجیا کاردەکات لەپێناو کۆکردنەوەى پشتیوانى پێویست بۆ ئەوەى پارێزگاکان بکرێنە چەند بازنەیەک، بەڵام روبەڕووى دژایەتى توند بووەتەوە لەلایەن جەمسەرە شیعییە دیارەکانەوە، کە لەلایەن دەوڵەتى یاسا بەسەرۆکایەتى نورى مالیکییەوە سەرۆکایەتى دەکرێت، کە دەیەوێت هەر پارێزگایەک یەک بازنە بێت.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، حەلبوسی لەناو پێکهاتەى سونەکانەوە هەڵمەتەکەى دەستپێکرد، کە پشتیوانى دیارترین سەرکردە سونەکانى بەدەستهێناوە، لەسەر بنەماى ئەوەى فرە بازنەیی لەسەر ئاستى پارێزگاکان، نزیکەى 20 کورسی پەرلەمان بۆ سونەکان دەگەڕێنێتەوە کە چووە بۆ هێزە شیعى و کوردییەکان لەهەڵبژاردنەکانى دواى ساڵى 2010ەوە، ئەوەش بەهۆى جموجۆڵى ناوخۆیی دانیشتوان و ئاوارەبوونى خەڵکى ئەو ناوچانەوە، بەهۆى دەستبەرداگرتنى زۆرینەى ناوچەکانیان لەلایەن داعشەوە لەساڵى 2014.

 

تا ساڵى 2010 کورسی سونەکان لە پەرلەمان لەدەورى 90 کورسیدا بوو، بەڵام لە ساڵانى 2014 و2018 نزیکەى 20 کورسی کەمیکرد، بەهۆى بارودۆخى دیموگرافى و ئەمنییەوە.

 

بەپێی راپۆرتەکە، دواى پشتیوانیکردنى رێژەیی لەلایەن سەرکرەکانى سونەوە، حەلبوسى بەرەو هێزە شیعییەکان جموجۆڵى دەستپێکرد بۆ دۆزینەوەى هاوپەیمان، عەمار حەکیم رابەرى رەوتى حیکمە یەکێکە لەوانەى چاوەڕواندەکرێت پشتیوانى بکات کە خاوەنى نزیکەى 24 کورسییە.  

 

هەروەک جارانى پێشوو، کورد دژى هەر شێوازێکە کە پارێزگاکان بۆ بازنەى بچوک دابەشبکات، بەڵام ئاماژەکانى هاتوو لە هەولێرەوە، ئەمجارەیان جیاوازە.  

 

هەر بەپێی راپۆرتەکە، حەلبوسى رۆژى یەکشەممە بەپەلە خۆى گەیاندە هەولێر بۆ بینینى مەسعود بارزانى و شێوازى فرە بازنەیی خستە بەردەمى و دژایەتیەکى روونى پرسەکەى نەکرد.  

 

بەوتەى چەند سەرچاوەیەکى سیاسی لە بەغدا، ئاماژەکان باس لەوەدەکەن هێزە سیاسییە کوردییەکان زیانیان بەرناکەوێت لەئەگەرى جێبەجێکردنى فرە بازنەییدا، ئەوەش ماناى ئەوەیە هاوپەیمانێکى بەهێز ئەگەر هەیە پشتیوانى حەلبوسى بکات.  

 

بەڵام ترسی ئەو سەرکردە گەنجە سونەیە رەنگە هاوبۆچونى بێت لەو بارەیەوە لەگەڵ خواستى موقتەدا سەدر سەرۆکى رەوتى سەدر، کە سەرکردە شیعییەکان بە مەترسییەکى گەورە لەسەر خۆیان دایدەنێن لە هەڵبژاردنەکاندا. بەپێی راپۆرتەکە.

 

باس لەوەشکراوە، بەوتەى چاودێران، سەدر سودمەندى یەکەم دەبێت لە ناوچە شیعییەکان، بەجێبەجێکردنى فرە بازنەیی، ئەوەش بەهۆى کۆکردنەوەى جەماوەرەکەى لەزۆرێک لە پارێزگاکان و هەژمونى بەسەر قەزا و ناحیەکاندا.  

 

سیاسەتمەدارانى عێراق دەڵێن، هەلى سەدر گەورەیە بۆ تۆمارکردنى بردنەوە لە هەڵبژاردندا ئەگەر پشت بە فرە بازنەیی ببەسترێت لەسەر ئاستى پارێزگاکان، ئەوەش گەورەترین کابوسى مالیکییە لە هەنگاوى داهاتوودا و ماناى ئەوەیە دەوڵەتى یاسا دەجەنگێت لەپێناو پشت بەستن بە یەک بازنەیی هەر پارێزگایەک لە هەڵبژاردنەکاندا.

  

 سەرچاوە سیاسییەکان دەڵێن، گفتوگۆکانى ئێستا لەبارەى دابەشکردنى ئەو پارێزگایانەوەیە کە خاوەنى 15 کورسین، بۆ سێ بازنە.

  

پێشنیارەکان لەو بارەیەوە جۆراوجۆرن، هەر حزبە و ئەوە پێشنیاز دەکات کە لەگەڵ خۆیدا دەگونجێت، بەڵام دیارترین پێشنیازەکان لەبارەى پشتبەستنە بەوەى هەر بازنەیەک چوار بۆ پێنج کورسی لەخۆ بگرێت.

 

ئەو بژاردەیە پێدەچێت سنور دابنێت بۆ ئەو زیانەى چاوەڕواندەکرێت بەر حزبە گەورەکان بکەوێت، کە دژى بیرۆکەى فرە بازنەیین لەیەک پارێزگادا.