ناس کورد-
بەپێی ڕاپۆرتی میدیاکانی ئەمریکا، يەكێك لەو ئاگرانەى كە لە دارستانەكانى ولايەتى كاليفۆرنيا كەوتووەتەوە بەهۆى ئاهەنگی دیاریکردنی ڕەگەزی منداڵێکەوە بووە لەلايەن خێزانێكەوە.
ماوەى چەند ڕۆژێكە ئاگر دارستانەكانى ولايەتى كاليفۆرنياى تەنيوە و بەپێى وتەى بەرپرسان، ماوهى 33 ساڵه ئهوه یهكهمجاره له ویلایهتهكهدا ئهو پانتاییه زهوییه بسوتێت، كه تائێستا هەشت ههزار كیلۆمهتر چوارگۆشهی تێپهڕاندوه.
بەپێى ڕاپۆرتی میدیا ئەمریکییەکان، 14 ههزار كهس سهرقاڵى كۆنترۆڵكردنى ئاگرهكانن كه ژمارهیان گهیشتوهته 24 ئاگر له ویلایهتهكهدا، تائێستا حەوت كهس بههۆى ئاگرهكانهوه گیانیانلهدهستداوه و نزیكهى سێ ههزار و 800 خانوو و باڵهخانه سوتاون، ههزاران كهسیش ماڵوحاڵى خۆیان جێهێشتوه و ئاوارهبوون، هەروەها تەزووى كارەبا لە مليۆنان كەس بڕدراوە.
تۆڕى NBC بڵاويكردوەتەوە، يەكێك لە ئاگرەكان بەهۆى ئاهەنگێكى بچوكەوە بوو كە خێزانێك بۆ ئاشكراكردنى ڕەگەزى منداڵە لەدايكنەبووەكەيان لە ناوچەيەكى جوان بەناوى "ئێڵ ڕانش دۆرادۆ پارك" ڕێكيانخستووە.
كاتێك ژنێكى ئەمريكى دووگيانلەدەبێت و پشكنين دەكەن و بۆ زانينى ڕەگەزى منداڵەكەيان، ئاهەنگێك ڕێكدەخرێت و لەڕێگەى دوكەڵ يان ڕەنگ ياخود كاغەزى وردى ڕەنگاوڕەنگ ياخود باڵۆنەوە ڕەگەزى منداڵەكە ئاشكرا دەكرێت، ڕەنگى پەمەيى بوو كچە و ڕەنگى شين بوو كوڕە.
ئەوەش هاتووە، ڕۆژى شەممەى ڕابردوو خێزانەكە لەو ناوچەيە كۆبوونەتەوە و لەڕێگەى دوكەڵەوە ڕەگەزەكەيان ئاشكرا كردووە، بەڵام بەهۆيەوە ئاگر كەوتووەتەوە و لە كۆنترۆڵ دەرچووە، دواتر بووە بە ئاگرێكى گەورە و پانتاييەكى زۆرى سوتاندووە و خەڵكێكى زۆر ناچار ماڵ و حاڵى خۆيان جێهێشتووە.
بينيت ميلۆى، بەرپرسى ئيدارەدانى دارستانەكان و پاراستنيان لە ئاگر لە كاليفۆرنيا دەڵێت، خێزانەكە ڕووداوەكەيان وێنەگرتووە و ئامێرەكە كە دوكەڵەكەى هەڵداوە كەوتووەتە ناو كێڵگەيەك و ئاگرەكەى دروستكردووە، كەشەكەش لەبار بووە بۆ ئەوە و پلەكانى گەرمان بەرزبوون و شێ كەمبووە، گژوگياش ووشك بوون.
بەپێى زانياريەكان، ئەندامێكى خێزانەكە پتڵێك ئاوى لە ئۆتۆمبێلەكەيان دەرهێناوە و بۆ كوژانەوەى ئاگرەكە بەڵام شكستى هێناوە و پەيوەنديان بە خزمەتگوزارى فرياكەوتنەوە كردووە.