گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێک: نوسراومان ناردووە بۆ وەزارەتی کارەبا سەرۆکایەتی پەرلەمان ناردوویەتی بۆ شارەوانی

2020.09.08 - 17:45
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێک: نوسراومان ناردووە بۆ وەزارەتی کارەبا سەرۆکایەتی پەرلەمان ناردوویەتی بۆ شارەوانی

ناس کورد-

کاروان گەزنەیی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان ڕەخنەی توند لە سەرۆکایەتی پەرلەمان دەگرێت و دەڵێت، بەشێوەی پۆلیسی مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاران دەکەن، دەشڵێت، پرسیاریان ئاڕاستەی وەزارەتی کارەبا کردووە، بەڵام سەرۆکایەتی پەرلەمان پرسیارەکەیان ناردووە بۆ وەزارەتی شارەوانی.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

ئەمڕۆ سێشەممە، 8ی ئەیلولی 2020، کاروان گەزنەیی، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان دانیشتنی پەرلەمانی جێهێشت و لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند: "سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەی پۆلیسی مامەڵە لەگەڵ پەرلەمانتاران دەکەن و ڕێگەنادەن قسە بکەین، پێمان دەڵێن لە دەرەوە قسە بکەن، بۆیە من لە دانیشتنێکی وادا دانانیشم."

 

وتیشی: "نۆ مانگ لەمەوبەر داوای پرساندنی وەزیری داراییمان کردووە، تاوەکو ئێستا سەرۆکایەتی پەرلەمان نەیخستووەتە بەرنامەی کارەوە، پرسیارمان ئاڕاستەی وەزارەتی کارەبا کردووە، سەرۆکایەتی پەرلەمان ناردوویانە بۆ وەزارەتی شارەوانی."

 

گەزنەیی ئاماژەی بەوەشكرد: "بەنایاسایی موچەی فەرمانبەر بڕدراوە، بودجە نایەتە پەرلەمان، خەڵک دۆخی دارایی خراپە، چەندین کێشەی دیکەی تایبەت بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان هەیە، پەرلەمان لەسەر دیاریکردنی ئەرک و مافی نەخۆش کۆدەبێتەوە."

 

ڕەخنەکانی کاروان گەزنەیی لەکاتێکدایە، سەرۆکی پەرلەمان لەپشکی یەکێتییە و ئەو باسی لەوەشکرد: "تەواوی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان لەو دۆخە بەرپرسن کە پەرلەمان بەوشێوەی لێهاتووە و حکومەت وەک بەڕێوەبەرایەتییەک تەماشای دەکات."