گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وردەکاری خۆکوشتنی کارمەندێکی بەرگریی شارستانی لە گەرمیان

مەریوانی ’’ڕووخۆش’’ لەناو خاڵی پاسەوانیدا بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هێنا

2020.09.08 - 17:13
مەریوانی ’’ڕووخۆش’’ لەناو خاڵی پاسەوانیدا بە فیشەکێک کۆتایی بە ژیانی هێنا

ناس کورد-

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە کارمەندێکی بەرگریی شارستانیی لە قەزای کەلار لەکاتی دەوامدا کۆتایی بەژیانی خۆی هێنا و بەڕێوەبەری کارمەندەکەش دەڵێت، کوڕێکی "دەمبەخەندە و ڕوخۆش" بووە و کێشەی داراییشی نەبووە، بەڵام نازانن ئەگەر کێشەی تایبەتی خۆی هەبووبێت.

 

هەورامان حەمەساڵح، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگریی شارستانی باوەنوری سەربە قەزای کەلار بە ناس کوردی وت: "دوای کاتژمێر 11:00 کارمەندێکمان کاتی دەوامی خۆی بووە و چووەتە نێو ئەو قولەیەی کە دروستکراوە بۆ پاسەوانی، بەڵام دوای 10 خولەک لەچوونەژوورەوەی بە گولەیەک کۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە."

 

وتیشی: "کارمەندەکە ناوی مەریوان مەحمود و تەمەنی 30 ساڵ بوو، هاوسەرگیری نەکردووە و سەڵت بوو، ڕووداوەکە لەپڕ ڕوویداوە و گولەیەکی ناوە بەچەناگەی خۆیەوە."

 

ئاماژەی بەوەشکرد: "کوڕێکی دەمبەخەندە و ڕووخۆش بوو، لەکاتی دەوامەکەی کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە و بەوتەی کەسوکاریشی هیچ کێشەیەکی لەگەڵ هیچ کەسێکی دیکەشدا نەبووە، بەڵام ئێمە نازانین ئەگەر کێشەیەکی تایبەتی خۆی هەبوبێت و لای کەس باسی نەکردبێت."

 

سەبارەت بەوەی هیچ کێشەیەکی دارایی هەبووە، بەڕێوەبەری بنکەی بەرگریی شارستانی باوەنور ڕونیکردەوە: "نەخێر، ئەو سەڵت بوو، ڕاستە بەدوو مانگ موچەیەک دەدرێت، بەڵام ئەو موچەیەی وەریدەگرت بۆ کەسێکی سەڵت کەم نەبوو، بۆیە هۆکارەکە کێشەی دارایی نییە."

 

ڕووداوەکانی خۆکوشتن لەهەرێمی کوردستان، ڕوویان لەزیادبوون کردووە و لەهەفتەی رابردووشدا دوو گەنجی دیکە لەقەزای چەمچەماڵ کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا.