گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەرێم ئامادەیی بۆ ’’رێککەوتن’’ نیشانداوە

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق

2020.09.08 - 13:23
App store icon Play store icon Play store icon
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى شاندى هەرێم لەگەڵ وەزیرى دارایی عێراق

ناس کورد-

 

هەردوو شاندى حکومەتى هەرێم و بەغدا لەیەکەم کۆبوونەوەى نێوانیاندا رێککەوتن لەسەر  ئەوەى لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە رێککەوتن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

شاندى حکومەتى هەرێم بەسەرۆکایەتى قوباد تاڵەبانى ئەمڕۆ گەیشتە بەغدا بەمەبەستى ئەنجامدانى دانوستان لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە لەبارەى گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن،  یەکەم کۆبوونەوەشیان لەگەڵ وەفدی باڵای حكومەتی فیدراڵ بە سەرۆكایەتی عەلی عەلاوی وەزیری دارایی  و جێگری سەرۆك وەزیران ئەنجامدا.

 

سەمیر هەورامى وتەبێژى جێگرى سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە لێدوانێکى رۆژنامەنوسیدا رایگەیاند "لەکۆبوونەوەکەدا پرسی شایستە‌ داراییە‌كانی ھە‌رێم و چۆنییە‌تی جێگیركردنیان لە‌ پڕۆژە‌ یاسای بودجە‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢١ گفتوگۆى لەسەر کراوە".

 

وتیشی "لە كۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا لیژنەی تایبەتمەند و لاوەكی دروست بكرێن بۆ چڕكردنەوەی گفتوگۆكان لەبارەی پرسەكانی نەوت و گاز، شایستە داراییەكان، كارەبا، دەروازە سنوورییەكان و قەرزەكان".

 

بەوتەى سەمیر هەورامى، چاوەڕوان دەكرێت ئەو لیژنانە سەرەنجامی بەدواداچوون و گفتوگۆكانیان لەبەر رۆشنایی بڕگە و ماددە‌‌كانی دەستوری عێراق بخەنە بەردەستی وەفدی باڵای هەردوولا بۆ ئە‌وە‌ی رێككە‌وتنیان لە‌بارە‌وە‌ بكرێت.

 

ئاماژە‌ی بە‌وە‌شدا حكومە‌تی ھە‌رێم ئامادە‌یی دە‌ربڕیوە‌ بۆ رێككە‌وتن لە‌گە‌ڵ حكومە‌تی فیدراڵی سە‌بارە‌ت بە‌ پرسی داھاتی نە‌وتی و نا نە‌وتی و داھاتی دە‌روازە‌ سنورییە‌كان.

 

هەرێم و بەغدا دەیانەوێت لەم خولەى دانوستانەکانیاندا بگەن رێککەوتنێکى درێژخایەن بەشێوەیەک لە بودجەى ساڵى داهاتووى عێراق جێگیر بکرێت، دواى ئەوەى ناوەڕاستى مانگى ڕابردوو رێککەوتنێکى کاتیان تا کۆتایی ئەمساڵ ڕاگەیاند.

 

مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم پێشتر ڕایگەیاندبوو، حکومەتى عێراق یەکدەنگ نییە لەبارەى رێککەوتنەکەوە و مستەفا کازمى سەرۆکوەزیران لەسەر لێپرسراوێتى خۆى بڕیاریداوە تا کۆتایی ئەمساڵ مانگانە 320 ملیار دینار بۆ هەرێم بنێرێت.    

  

ئاماژەى بەوەشکردبوو، بۆیە ئامادەیی خۆیان نیشانداوە بۆ رەوانەکردنى شاندێک بۆ بەغدا، بەمەبەستى تەواوکردنى دانوستانەکان و گەیشتن بە رێککەوتنى درێژخایەن.