گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

رووداوەکە چۆن روویدا؟

ئەو پارێزەرە عێراقییە دەستگیرکرا کە قەسابخانەیەکی دژی خێزان و خانەوادەى هاوسەرەکەى ئەنجام دا

2020.09.07 - 18:25
ئەو پارێزەرە عێراقییە دەستگیرکرا کە قەسابخانەیەکی دژی خێزان و خانەوادەى هاوسەرەکەى ئەنجام دا

ناس کورد-

فەرماندەیی پۆلیسى زیقار ئەو پارێزەرەى دەستگیرکرد کە تۆمەتبارە بە ئەنجامدانى قەسابخانەیەک دژى خێزان و خانەوادەى هاوسەرەکەى پێش سێ مانگ لەمەوبەر.

 

سەرچاوەیەک لە پۆلیسى زیقار بە ناس کوردى ڕاگەیاند، تیمەکانى پۆلیسى قەزاى شەترە لە باکورى زیقار توانیویانە ئەو پارێزەرە دەستگیربکەن، کە تۆمەتبارە بە کوشتن و بریندارکردنى هەشت کەسى نزیکى، لەناویاندا کچە تەمەن دوو ساڵانەکەى، لە مانگى ئایارى ڕابردوودا.

 

وتیشى "دەستگیرکردنى پارێزەرەکە لەسەر بنەماى زانیارى ئەمنى ورد بووە، تیمێکى ئەمنى پێکهێنراوە و هەڵیانکوتاوەتە سەر ئەو ماڵەى تۆمەتبارەکە وەک شوێنى خۆشاردنەوەى لەیاسا بەکاریدەهێنا".

 

سەرچاوەکە جەختیکردەوە، تۆمەتبارەکە دواى دەستگیرکردنى رادەستى لایەنە ئەمنییەکان کراوە وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەوەى بخرێتە بەردەم دادگا تا سزا بدرێت.

 

رووداوەکە ئایارى ئەمساڵ روویداوە، دواى ئەوەى بەهۆى ناکۆکى نێوانیانەوە، هاوسەرى ئەو پارێزەرە چووەتەوە بۆ ماڵى باوکى لە قەزاى ئیسڵاح، مێردەکەى و کوڕى مامێکى دواى کەوتوون و دواى گەیشتنیان دەستڕێژیان لەو خێزانە کردووە و بەهۆیەوە شەش کەسیان کوژراون و سیانى دیکەش برینداربوون، ئەوەش بەوتەى سەرچاوەیەکى پۆلیس کە پێشتر بە ناس کوردى وتبوو.

 

لەناو کوژراوەکاندا باوکى هاوسەرەکەى و براو خوشکەکانى تێدایە، لەگەڵ کچە تەمەن دوو ساڵانەکەى خۆى، هاوسەرەکەى و یەکێک لە کچەکانى لەناو بریندارەکاندان.

 

دواى رووداوەکە پارێزەرەکە هەڵهات و هێزەکانى پۆلیسیش ناویان لەسەرجەم بازگەکان بڵاوکردەوە تا دواجار ئەمڕۆ دەستگیرکرا.