ناس کورد-
لیژنەى تەندروستيي پەرلەمانى کوردستان بۆچوونى خۆى لەبارەى پرسی لەباربردنى منداڵ لە چوارچێوەى پێشنیازه‌یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش یەکلاکردەوە و بەکۆى دەنگ بڕیاری دا قەدەغە بکرێت و لەحاڵەتى تایبەتدا رێگەى پێبدرێت.
ئەو بڕیارەى لیژنەکە لە کۆبوونەوەى ئەمڕۆیدا درا کە نوێنەرانی لیژنەی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی پەرلەمان و نوێنەری وەزارەتی تەندروستیش تێیدا بەشداربوون.
بەپێی ماڵپەڕى پەرلەمانى کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆکراوە لەسەر مادەی حەوتەمى پێشنیازه‌یاسای ماف و ئه‌ركی نه‌خۆش له هه‌رێمی كوردستان کە باس لە له‌باربردنی كۆرپه‌له له‌لایه‌ن ئافره‌تی دووگیان له‌كاتی نه‌خۆشیدا ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو مەترسی بۆ سەر ژیانی دایکه‌كه دروست بکات.
ئاماژە بەوەشکراوە، دوای گفتوگۆی نێوان بەشداربووانى کۆبوونەوەکە بەدەنگی زۆرینه‌ی ئامادەبووان ڕای لیژنەكه لەسەر مادەکە له راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند جێگیركراو ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا.
ناوەرۆکى ماددەکە بریتییە لەوەی "لەباربردنی منداڵ قەدەغەیە تەنھا لەکاتی ھەبوونی مەترسی لەسەر ژیانی دایکی منداڵەکە، بۆ سه‌لماندنی ئەمەش پێویستیی بەڕاپۆرتی پزیشکی ھەیە و دەبێت ڕاپۆرتەکە لە دامەزراوەیەکی تەندروستیی حکومییەوە بێت و پینج پزیشکی پسپۆڕ واژۆیان لەسەری کردبێت".
له دانیشتنی پێشووى پەرلەماندا كه له ڕۆژى 3ی ئەیلولی 2020 به‌ڕێوه‌چوو، له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پێشنیازه‌یاساكه سه‌رۆكی په‌رله‌مان بۆ پێدانی ده‌رفه‌تی زیاتر به‌لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند بۆ ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ماده‌یه له‌گه‌ڵ كه‌سانی پسپۆڕ له‌و بواره‌و مامۆستایانی ئاینی كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه هێنا.