گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پەیوەندییەکانى لەگەڵ گۆڕان هەڵپەسارد

2020.09.07 - 15:39
App store icon Play store icon Play store icon
فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق پەیوەندییەکانى لەگەڵ گۆڕان هەڵپەسارد

ناس کورد-

فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانى عێراق بەپێویستیدەزانێت بزوتنەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم بکشێتەوە و ئاماژە بەوەش دەکات، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بزووتنەوەکەدا هەڵپەساردووە. 

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

‎لەڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، دوا بەدوای کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانیی بزوتنەوەی گۆڕان لە رۆژی  5/ 9/ 2020، فراکسیۆنی گۆڕان بە ئامادەبونی تێکرای ئەندامەکانی لە شاری بەغدا کۆبونەوە و تیایدا چەند خاڵێك ئاراستەی رای گشتیی و جەماوەری گۆڕانخوازی کوردستان دەکەن. 

 

‎لەڕاگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی گۆڕاندا ئاماژە بەوە کراوە :"جەخت لەسەر ناوەرۆکی راگەیەندراوی پێشوی فراکسێۆن لە 20ی ئاب دەکەینەوە و دوپاتی دەکەینەوە کە کابینەیەی (نۆ)ی حکومەتی هەرێم شکستی خواردووە و ئەجێنداکانی دژی خەڵک و فەرمانبەران و ئازادیخوازانە و دەبێ گۆڕان لێی بکشێتەوە".

 

بەگوێرەى راگەیەندراوەکە :"سەبارەت بەو قسانەیش کە بەناوی رێکخەری گشتیی لەناو جڤات و بە نارەسمی بڵاوکراونەتەوە و گوایە داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئێمەی کردوە، دەمانەوێ بە رونی رایبگەیەنین کە ئیمە ئەگەرچی نوێنەری هەڵبژێردراوی خەڵکین و بە دامەزراندن پۆستمان وەرنەگرتوە، بەڵام هەموومان ئامادەین دەستبەجێ دەستلەکاربکێشینەوە ئەگەر بڕیاربەدەستانی ئێستای گۆڕان بڕیار بدەن لە حکومەتی هەرێم بکشێنەوە و رێکخەر و خانە جێگەکانیان بۆ خەڵکی شایستە چۆڵ بکەن، هیچ کام لە ئێمەش چاومان لە هیچ پۆستێکی حزبیی و حکومی و پەرلەمانی نیە و وەک گۆڕانخوازێکی ئاسایی دەمێنینەوە، بەڵام لە هەر پێگە و جێگەیەکدا بین داکۆکی سەرسەخت لەو فکر و بنەما سەرەتاییانە دەکەین کە گۆڕانمان بۆ دامەزراند".

 

 ‎ئەندامانی فراکسیۆنی گۆڕان لە بەغدا ئەوەشیان خستووەتەڕوو: " نیگەرانین لەو ئاستە نزمە لە مامەڵەکردن لەگەڵ نوێنەری فراکسێۆنی گۆڕان کە لە کۆبوونەوەی جڤاتدا کراوە و جێگەی هەڵوەستەی جدیمانە لەبری لێپرسینەوە لە تیمی گۆڕان لە حکومەت بەتایبەت لە پرسی لێبرینی موچەی فەرمانبەران کە سیستمێکی زۆرەملێی نایاساییە و سەپێنراوە، بەڵام لە بری ئەوە پەلامارێکی ئاست نزمی فراکسێۆنەکەی ئێمە دراوە کە سەرسەختانە داکۆکی لە ماف و موچە و ژیانی هاووڵاتیان لە هەرێم و بەغدا دەکات و راستگۆیانە بەرگری لە پرەنسیپەکانی گۆڕان دەکات".

 

‎جەختیشیانکردووەتەوە :"ئێمە بە هەستکردن بە نیگەرانیی خەڵک  داوامان کردوە کە گۆڕان لە حکومەت بکشێتەوە، ئەمەشمان بە ڕاگەیەندراو و رووبەڕووش  لە کۆبونەوەی جڤات دوپاتکردووەتەوە، بەڵام بێ هیچ دەنگدان و راپرسی و رێزگرتنێک لەو داوایە، وتەبێژی گۆڕان مانەوەی گۆڕانی لە حکومەت راگەیاند و شیوازی مامەڵەکەشیان لەگەڵ نوێنەری فراکسیۆن دەرخەری داخستنی دەرگای گفتوگۆیە لەسەر ئەو بابەتە لەلایەن ئەوانەوە و ئەمەش وایکرد کە پەیوەندیەکانمان لەگەڵیاندا هەڵپەسێردرێت".

 

لەڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە: "فراکسێۆنی گۆڕان لە کۆبونەوەکەیدا جەختی لە چەند پرسێک کردەوە کە چالاکانە کاریان لەسەر دەکات وەک پرۆژە یاسای بودجەی ساڵەکانی 2020 و 2021 و یاسا هەستیارەکانی وەک هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵی، ‎هەروەک فراکسیۆن بە دواداچونی تەواو دەکات بۆ پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم  و شایستە داراییەکانی جوتیاران و هەموو ئەو مافەدەستوریانەی کە هەرێم هەیەتی".

 

 لەکۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی بەغدا ئاماژەی بەوەکردووە: "دەمانەوێ رونبێ کاری لە پێشینەی ئێمە ئەوەیە داکۆکی لە خەڵک و دەنگدەری خۆمان بکەین لە سەر ئاستی عێراق، بەڵام لە هەمانکاتیشدا لە هەرێم شەڕ لەسەر گەیشتنی ئەو ماف و شایستانە  بە هاوڵاتیان دەکەین و لە بەغدا و هەولێر چاوپۆشی لە هیچ گەندەڵی و بەفیرۆدانێک ناکەین".