گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان هەڵدەبژێردرێت 

دوو پەرلەمانتارى گۆڕان کێبڕکێى بەدەستهێنانى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان دەکەن 

2020.09.07 - 11:05
دوو پەرلەمانتارى گۆڕان کێبڕکێى بەدەستهێنانى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان دەکەن 

ناس کورد- 

لەلایەن فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان هەڵبژاردن بۆ دیاریکردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ فراکسیۆنەکەیان لەشوێنى عەلى حەمە ساڵح، ئەنجام دەدرێت. 

 

دابان محەمەد، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان بەناس کوردى ڕاگەیاند "ئەمڕۆ لەناو فراکسیۆنەکەمانەوە پڕۆسەى دەنگدان بۆ دیاریکردنى سەرۆکێکى نوێ بۆ فراکسیۆنى گۆڕان، بەڕێوە دەچێت".

 

لەبارەى کاندیدەکانیشەوە دابان محەمەد وتى "تا ئێستا تەنها من و شاخەوان ڕەئوف بەگ بۆ سەرۆکى فراکسیۆنەکە کاندیدین".

 

دابان محەمەد رونیکردەوە ئەگەر هەر ئەندامێکى فراکسیۆنەکەش بایکۆتى هەڵبژاردنەکە بکات و ئامادە نەبێت ئەوا هەڵبژاردنەکە هەر ئەنجام دەدرێت. 

 

ناس کورد لە چەند سەرچاوەیەکى ناو بزوتنەوەى گۆڕانەوە زانیوویەتى، عومەرى سەید عەلى، ڕێکخەرى گشتى بزوتنەوەکە پشتیوانى شاخەوان ڕەئوف بەگ دەکات بۆ بوون بە سەرۆکى فراکسیۆن و گەنجەکانى ناو خانەى ڕاپەراندنی گۆڕانیش پشتیوانى دابان محەمەد دەکەن.

 

وابڕیار بوو هەفتەى ڕابردوو هەڵبژاردن بۆ یەکلاکردنەوەى سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان بکرێت بەڵام بەهۆى گرژییەکانى ناو کۆبونەوەکەى جڤاتى نیشتیمانەوە دواخرا.

 

ئەنجامدانى ئەو هەڵبژاردنە لە کاتێکدایە کە بێ ئاشکراکردنى هۆکارەکەى بەفەرمیى، عەلى حەمە ساڵح سەرۆکى فراکسیۆنى گۆڕان لەپەرلەمانى کوردستان دەستلەکارکێشانەوەى لەو پۆستە و لە ئەندامێتى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەى گۆڕان راگەیاند و دەستلەکارکێشانەوەکەشى پەسەند کرا.