گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەناونیشانی ’فەرش و موچە’ عەلی حەمە ساڵح جۆرێکی دیکەی قاچاخچێتی ئاشكرادەکات

2020.09.07 - 09:43
بەناونیشانی ’فەرش و موچە’ عەلی حەمە ساڵح جۆرێکی دیکەی قاچاخچێتی ئاشكرادەکات

ناس کورد-

 عەلی حەمەساڵح بە ناونیشانی "فەرش و موچە" جۆرێکی دیکەی قاچاخچێتی ئاشكرادەکات و دەڵێت، بەبێ گومرگ و بە 45 وەرەقە باری فەرش داخڵی هەرێمی کوردستان دەکرێت، دەشڵێت، بۆی دەرکەوتووە قەبارەی قاچاخچێتی سەرو 150 ملیار دیناری مانگانەیە.

 

عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک نامەی بازرگانێکى فەرشى بڵاوکردووەتەوە کە بۆی ناردووە و لەنامەکەدا هاتووە: "سڵاو کاک عەلی، خۆت دەزانیت وەرزی فەرش و کومبارە، بازرگان و ئەوانەی ئیشی فەرش دەکەن ئاگاداریان کردونەتەوە، ھەر بارھەڵگرێک فەرشیان بە 45 وەرقە بۆ دەھێننە کوردستان بەبێ گومرگ و ھیچ شتێک". 

 

لەنامەکەی ئەو بازرگانی فەرشەدا ئاماژە بەوەشکراوە: "ئەو پارە بەراورد بەو گومرگەی دەیدەین زۆر کەمترە، ئێستا من دەزانم ئەو کارە حەرامە، نەشیکەم و بە گومرگ بیھێنم ناتوانم مونافەسەی ئەوانە بکەم بە قاچاخ دەیھێنن، بۆیە ھیمەتێک بکەن".

 

عەلی حەمەساڵح کە نوسینەکەی بەناونیشانی "فەرش و موچە" دەستپێکردووە دەڵێت: " بەدوای ئەو پرسەدا چوم و دەرکەوت ئەمە ڕاستە، ھەرشتێک بازاڕی ھەبێت لەجگەرەو توتنی نێرگەلەوە ھەتا ھێلکەو فەرش بەبێ گومرگ داخڵ دەکرێت".

ئەو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی گۆڕان ئاماژەی بەوەشكردووە: "سبەی بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، ھەر ئەوەندە پارە ھەیە بۆیە موچە نادرێت، بەڵێ ڕاستە ئەگەر ئەو ھێزە ئەمنیەی لە خاڵە سنوریەکاندان و لە پارەی گشتی موچە وەردەگرن خۆیان خەریکی قاچاخچێتی بن بۆ بەرپرسان، پارە بۆ موچەخۆر نابێت".

  

عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشکردووە: " نۆ مانگە ھاوار دەکەین، سەدان بەڵگەمان لەسەر قاچاخچی و کۆمپانیاکاری خستە بەردەست بەرپرسان، بە وردی ھەرچی گەندەڵى و کۆمپانیاکاری و فێڵی خاڵە سنوریەکانە بە ڕاپۆرت بۆ بەرپرسانمان دیاری کردوە،  حەجمی قاچاخچێتی و کۆمپانیاکاری (ئەوەی ئێمە درکمان پێکردوە) سەرو 150 ملیار دیناری مانگانەیە".

 

ئاماژەی بەوەشكردووە: "خەڵکی کوردستان ئێوە شاھیدن وتمان، سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی بفەرموون ناوی ھەرچی قاچاخچی و کۆمپانیاکاریە بیخەمە بەردەستتان، لە 23ی ئاداری 2020وە بڕیارتاندا بۆ ڕێگری لەم قاچاخی و کۆمپانیاکاریە، بەڵام بەداخەوە لەم کابینەدا ھەم قاچاخی زیادی کرد، ھەم کۆمپانیاکاری و ژمارەی ئەو کۆمپانیانەی لە خاڵە سنوریەکان پارە وردەگرن، ھەم ھێنانی مادەی قدەغەکراو زیادی کرد، ھەم کاڵای ئێکسپایەر".

 

ئەوەشی خستووەتەڕوو: "کوردستانیان، دینار بەدیناری قاچاخی دزیە لە ئێوە، ھێنانی خواردنی ئێکسپایەرە بۆ قوڕگی ئێوە، بەھۆی قاچاخی تلیاک و مادەی ھۆشبەر، مەترسی گەورە لەسەر ھەمومان و کەسوکارمانە."

 

عەلی حەمەساڵح باسی لەوەشكردووە: "من لەسەر ئەم دۆسیە تووشی گرفت و سەر ئێشە بوم، بەدڵنیایی کۆڵی لێنادەم، بەڵام ڕووبەڕووبونەوەی ئەم تاڵانیە پێویستی بە ھەڵمەتێکی نیشتیمانیە، بێ ئەمێدنیم، ھیواموایە و کاردەکەم ئەو بڕیارانەی شەش مانگ پێش ئێستا بۆ ڕێگری لەم تاڵانیە درا بچێتە بواری جێبەجێکردن."