گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى عەسائیب: خوێنمان بەرانبەر راکێشانى هێڵى شەمەندەفەرە لەگەڵ کوەیت

2020.09.06 - 22:44
App store icon Play store icon Play store icon
پەرلەمانتارێکى عەسائیب: خوێنمان بەرانبەر راکێشانى هێڵى شەمەندەفەرە لەگەڵ کوەیت

ناس كورد-

پەرلەمانتارێکى هاوپەیمانى سادیقون کە بەباڵى سیاسی بزوتنەوەى عەسائیبى ئەهلى هەق دادەنرێت هێرشیکردە سەر پڕۆژەى بەستنەوەى عێراق و کوەیت لە رێگەى هێڵى شەمەندەفەرەوە.

 

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

عودەى عەواد، پەرلەمانتارى هاوپەیمانى سادیقون لە راگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند، راکێشانى هێڵى شەمەندفەر پێویستى بە وێستگە و هێڵى شەمەندەفەر هەیە، ئەوانەش ناپارێزرێن و وەکو "دوژمن" سەیریان دەکەن.

 

هەروەها دەڵێت "ئامژگارى ئێمە ئەوەیە بیر لە هیچ پڕۆژەیەکى راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر نەکرێتەوە کە لێکەوتەى خراپى دەبێت، بەندەرى بەسرە دەستکەوت نییە بۆ هیچ کەسێک و بە خوێن پارێزگارى لێدەکەین".

 

ئەوە لەکاتێکدایە، کۆمپانیاى گشتى هێڵى شەمەندەفەرى عێراق پێشتر بوونى پڕۆژەى راکێشانى هێڵى ئاسنى لەگەڵ کوەیت رەتکردبۆوە.

 

بەگوێرەى ڕاگەیەندراوێکى وەزارەتى گواستنەوەى عێراق کە کۆتایی مانگى ڕابردوو بڵاویکردەوە، کۆمپانیاى گشتى هێڵى شەمەندەفەر جەختیکردووەتەوە پرسی راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەگەڵ هەریەکە لە کوەیت و ئێران لەکاتى ئێستادا نەخراوەتە بەرباس.  

  

ئاماژەى بەوەشکردبوو، راکێشانى ئەو هێڵە لەگەڵ ئەو وڵاتانە بڕیارێکى سیادییە لەچوارچێوەى تایبەتمەندییەکانى دەسەڵاتە سیاسییە باڵاکاندایە.  

  

وەزارەتى گواستنەوە ئەوەشى خستبووەڕوو، هیچ رێککەوتنێک نییە بۆ راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەگەڵ کوەیت، ئەوەى هەیە لەو بارەیەوە تەنها توێژینەوەیە.  

  

بەڵام لەگەڵ لایەنى ئێرانى یاداشتنامەى لێکتێگەیشتن هەیە کە لەسەردەمى حکومەتى پێشوو واژۆکراون، بەڵام هێشتا جێبەجێنەکراوە.  

  

پڕۆژەى راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەنێوان عێراق و ئێران بەجۆرێک نەخشەى بۆ کێشراوە کە لە شەلامجەوە دەستپێبکات بەرەو بەسڕە بەدرێژایی (32) کیلۆمەتر، بە چەندین شوێندا دەڕوات کە مین و زەوى بەکارهێنراوى لێیە، پردێکیش بە درێژایی کیلۆمەترێک بەسەر شەتولعەرەبدا دروستدەکرێت لەلایەن ئێرانەوە، ئەوەش بەپێی ڕاگەیەندراوێکى پێشترى وەزارەتى گواستنەوە.  

  

لەبارەى ئەو مشتومڕانەى لەسەر راکێشانى هێڵى شەمەندەفەر لەنێوان عێراق و کوەیت سەریهەڵداوە، کازم فنجان حمامى وەزیرى پێشووى گواستنەوە و پەرلەمانتارى ئێستاى عێراق، پێشتر هێرشیکردبووە سەر ئەو لایەنانەى کە ناڕازین لە پڕۆژەی لەو جۆرە و دەڵێت ئەوانە هەموو شتێک رەتدەکەنەوە.  

  

حمامى لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختیکردبووەوە، ئەوانەى دژایەتى ئەو پڕۆژانە دەکەن، دەیانەوێت سنورەکان دابخرێت و عێراق ببێتە وڵاتێکى داخراو.