گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دوا دەرفەت دەدرێت بە توركيا

وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا: ئەردۆگان دەزانێت بێدەسەڵات نين ’وەڵامى ئەوروپاش ئامادەیە’

2020.09.06 - 20:04
وەزیرى دەرەوەى فەڕەنسا: ئەردۆگان دەزانێت بێدەسەڵات نين ’وەڵامى ئەوروپاش ئامادەیە’

ناس کورد- 

جان ئيف لۆرديان، وەزيرى دەرەوەى فەرەنسا ئاشكرايكرد، دانيشتنى داهاتووى ئەنجومەنى ئەوروپى كە بڕيارە لە كۆتايى ئەم مانگە بكرێت تايبەت دەبێت بە بابەتى توركيا و گرژيەكانى ڕۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست، بەتايبەتى لێكۆڵينەوە لە سەپاندنى سزا بەسەر ئەنقەرەدا.

 

جان ئيف لۆرديان بە ڕاديۆى "فرانس ئينتەر"ى وتووە، لە كۆبونەوەى ئەنجومەنى ئەوروپى ئەو دۆسیەیەى كە گفتوگۆى لەسەر دەكرێت دۆسیەى توركيايە، پێش چەند ڕۆژێك لەگەڵ وەزيرى دەرەوەى ئەڵمانيا ئەو دۆسیەمان ئامادەكردووە، بۆ سەيركردنى شێوازەكانى وەڵامدانەوە كە بەرامبەر توركيا بەكارى بهێنين.

 

لەماوەى ڕابردودا پەيوەنديەكانى چەند وڵاتێكى ئەوروپى لە پێش هەموويانەوە فەرەنسا لەگەڵ توركيا گرژى تێكەوت بەتايبەتى لەسەر دۆسیەى ليبيا و بابەتى كۆچ، ئەوەش سەرەڕاى گەڕانى ئەنقەرە بەدواى غاز لە ڕۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست و ئەنقەرە بە گرتنەبەرى سياسەتى پاوانخوازى تۆمەتبار دەكرێت.

 

لۆرديان باسى لەوەشكردوە، بە توركيا دەڵێين لە ئێستاوە تا كۆبونەوەى ئەنجومەنى ئەوروپى پێويستە نيازى خۆى بۆ گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەى ڕۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاست پيشانبدات، گفتوگۆكردن لەسەر ئەو بابەتە لاى توركەكانە و دەتوانرێت بكرێت، ئەو كاتە دەچينە قۆناغێكى چالاك دەربارەى سەرجەم كێشەكان.

 

بارودۆخى ناوچەكە هەستيارە بەتايبەتى دواى ئەوەى ماوەى دوو مانگە گرژيەكان زيادى كردووە كە لە 2020/8/10 ەوە دەستيان پێكرد ئەو كاتەى توركيا كەشتيەكى ڕووپێوى بومەلەرزەيى ناردە ئەو ئاوانەى كە لەگەڵ يۆناندا جێناكۆكن و دەستيكرد بە گەڕان بە دواى غازدا.

 

دواتريش فەرەنسا بوونى سەربازى خۆى لە ڕۆژهەڵاتى دەرياى ناوەڕاستدا بەهێزتر كرد ئەوەش وەك ئاماژەيەك بۆ پشتگيرى كردنى يۆنان كە ئەندامى يەكێتى ئەوروپايە، لەو كاتەشەوە پاريس و ئەنقەرە تۆمەت ئاراستەى يەكتر دەكەن.

 

وەزيرى دەروەى فەرەنسا ڕەتيكردەوە سروشتى ئەو سزايانە ئاشكرا بكات كە ئەگەرى هەيە بەسەر توركيادا بسەپێنرێت و وتى، زنجيرەيەكى تەواو لە ڕێوشوێن هەيە دە دەتوانرێت بگيرێنە بەر و هەرگيز بێدەسەڵات نين و ئەو وڵاتەش باش ئەوە دەزانێت.

 

لۆرديان هێماى بۆ چەند سزايەكى ئابوريى كرد و ڕەجەب تەيب ئەردۆگان سەرۆككۆمارى توركياشى بەوە تۆمەتبار كرد كە كەشێكى "ئيسلامى - نەتەوەيى" دەخولقێنێت بە ئامانجى شاردنەوەى بارودۆخى ئابوريى وڵاتەكەى.