گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هەر هەزار کەسێک کەمتر لە پزیشکێکی بەردەکەوێت

زیاتر لە 20 هەزار پزیشکی عێراقی لە ترسی هەڕەشە و کوشتن هەڵهاتوون

2020.09.06 - 15:57
App store icon Play store icon Play store icon
زیاتر لە 20 هەزار پزیشکی عێراقی لە ترسی هەڕەشە و کوشتن هەڵهاتوون

ناس کورد- 

بەپێى ڕاپۆرتە میدیاییەکان و بەپاڵپشت بەداتاکانى سەندیکاى پزیشکانی عێراق، نزیکەى 20 هەزار پزیشک لەترسى هەڕەشە لە شوێنەکانى خۆیان هەڵهاتوون و ژمارەیەکى زۆریشیان چوونەتە دەرەوە، ئەوەش بەتوندى سیستمى تەندروستى گیرۆدە کردووە.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

بەپێى ڕاپۆرتێکى کەناڵى جەزیرەى ئینگلیزى، کەموکورتى پاڵپشتى حکومى بووەتە هۆى دانەمەزراندنى هەزاران دەرچووى کۆلێژى پزیشکى و بەشەکانى دیکەی بوارى تەندروستى لە عێراق، ئەوەش لەکاتێکدایە دامودەزگا تەندروستییەکان گیرۆدەى چەندین کێشەن بەهۆى ژێرخانێکى شکسخواردوو و نەبوونى تیمى پزیشکى پێویستەوە.



عەبدولئەمیر موحسن، سەرۆکى سەندیکاى پزیشکى عێراقى بەکەناڵەى ڕاگەیاندووە، دواکەوتن لە دامەزراندنى نزیکەى دوو هەزار و 300 دەرچووى بوارەکە تەنها کاریگەرى لەسەر هەوڵەکانى بەرەنگاربوونەوەى کۆرۆنا دانەناوە، بەڵکو بووەتە هۆى دواکەوتنى زنجیرەیەک لەڕاهێنان کە پێویستە پزیشکان ئەو مەشق و ڕاهێنانە ببینن و کارمەندانیش ناتوانن خزمەتەکانیان بۆ ئاستێکى بەرزتر بگوازنەوە.

 

باس لەوەشکراوە، عێراق لەو وڵاتانەیە کە پەتاى کۆرۆنا زیانى پێگەیاندووە و کۆى حاڵەتەکانى توشبوون بەو ڤایرۆسە گەیشتووەتە، 252 هەزار و 75 کەس، هەروەها ژمارەى مردووانیش بە ڤایرۆسەکە گەیشتووەتە حەوت هەزار و 359 حاڵەتى مردن، ئەو وڵاتەش تەنها بەدەستى پەتاکەوە گیرۆدە نەبووە، بەڵکو دابەزینى نرخى نەوت گرفتێکی گەورەی دیکەیە بۆ عێراق کە نزیکەى 95% داهاتى سەرەکى نەوت بەرێژەى زیاتر لە 50% داهاتى دابەزیوە.

 

بەهۆى قەیرانى کەمى پزیشکانى خولاوەوە ئەنجومەنى وەزیران بڕیارى لێخۆشبوونى بۆ تازە دەرچووانى بوارەکە دەرکرد بۆ ئەوەى زووتر دابمەزرێنن، بەڵام تا ئێستا وردەکارى لەبارەى موچەکانیانەوە نازانرێت.

 

لەسەر ئەو پرسە، فیراس موسەوى، جێگرى بەڕێوەبەرى ناوەندى چارەسەرى قەیرانەکانى حکومەت، دەڵێت، بڕیارەکە نزیکەى 31 هەزار دەرچووى کەرتى تەندروستى ناگرێتەوە.

 

ڕاپۆرتەکە ئەوەشى خستووەتەڕوو، بەپێى ئامارێکى سەندیکا لەم ساڵانەى دواییدا زیاتر لە 20 هەزار پزیشکى عێراقى بەهۆى هەڕەشە و نەبوونى ئاسایشەوە هەڵهاتوون، 363 پزیشک کوژراون و سەدان پزیشکى دیکەش ڕوبەرووى ڕفاندن بوونەتەوە لەدواى ڕووخانى ڕەژێمى بەعسەوە.



سەرۆکى سەندیکاى پزیشکان دەشڵێت، ئەوەى زیاتر بۆ ئەمساڵ دەبێتە گرفت ژمارەیەکى دیکەى پزیشک لە تەمەنى 60 ساڵیدا خانەنشین دەکرێن و بەوەش زیاتر لە سێ هەزار پزیشک لەکەرتى تەندروستیدا لەخزمەت دەچنە دەرەوە و بۆشایى دروستدەبێت.



لەکۆتاى لێدوانەکەیدا عەبدولئەمیر موحسن ئەوەشى ڕوونکردووەتەوە، پێویستییەکى زۆر بە پزیشک و کارمەندان لەکەرتى تەندروستى عێراقدا هەیە، کەمترین ڕێژەى پزیشک و پەرستار دابینکراوە، بۆ هەر هەزار کەسێک بەرێژەى 0.8 دابینکراوە و گەورەترین بەربەست لەبەردەم پزیشکان و کارمەندانى تەندروستیدا نەبوونى ژینگەیەکى ئارامە، بۆیە بەردەوام ڕوبەڕووى تەنگەژە و دەستدرێژى کردنە سەر دەبنەوە لەلایەن کەسوکارى نەخۆشەکانەوە.