گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

’’مەنهەج کەمبکرێتەوە و هەر پۆلێک بکرێت بە چەند گروپێک بۆئەوەى هەمووی ئۆنلاین نەبێت’’

پەروەردەکانی هەرێم چەند پێشنیازێکی جیاوازیان بۆ خوێندنی ئەمساڵ کردووە (تایبەت)

2020.09.06 - 15:27
پەروەردەکانی هەرێم چەند پێشنیازێکی جیاوازیان بۆ خوێندنی ئەمساڵ کردووە (تایبەت)

ناس کورد- هەڤاڵ فەتاح 

بڕیارە ڕۆژی پێنجشەمەی داهاتوو پرسی خوێندنی ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان و میکانیزمەکانی جێبەجێکردنی یەکلایی بکرێتەوە،  چەند پێشنیازێکیش لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی هەڕێمەوە ئاڕاستەی وەزیر و ئەنجومەنی وەزارەتی پەروەردە کراون، پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت، ئەگەری زۆرە بابەتەکانی خوێندن کەم بکرێنەوە.

 

ڕۆژی 2ی ئەم مانگە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کوبووەوە و بڕیاری دا وەرزی یەکەمی ساڵی نوێی خوێندنی 2020-2021 بە شێوەی خوێندنی ئەلیکترۆنی دەست پێ بکات (جگە لە قۆناغی دوازدەی ئامادەیی).

 

هاوکات "وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردراون لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆیان ڕێنمایی و ئامادەکاریی پێویست بکەن بۆ ڕاگەیاندنی ڕۆژژمێری وەرزی یەکەمی خوێندن لە گشت ناوەندەکانی خوێندن و دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی دەست پێ کردنی ساڵی نوێی خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی".

 

بڕیارەکەی ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی دەسپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن بەشێوازی ئەلکترۆنی کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، مامۆستایان، پسپۆڕانی بواری پەروردە و هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بڕیارەکەیان بەنادروست وەسفکرد لەڕووی پەروردەیی،  دورونی و ئابورییەوە.

 

لەوبارەیەوە عومەر ئەمین، جێگری بەڕێوەیەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی فەرمی و گشتگیر لەنێوان بەڕێوەبەڕایەتییەکانی پەروەردەی هەرێم و وەزیری پەروردە و ئەنجومەنی وەزارەت ئەنجام بدرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی خوێندنی ساڵی نوێی 2020- 2021".

 

وتیشی: "پێشنیازەکانی ئێمە بۆ ئەوەیە ساڵی خوێندنی نوێی تەنها قەتیس نەکرێت لە خوێندنی ئەلیکترۆنی بە تاییەتی قۆناغەکانی بازنەی یەکەم کە پۆلەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەمی) بنەڕەتی دەگرێتەخۆی، لەگەڵ پۆلی نوێەمی بنەڕەتی کە ئەمانە هاوشان لەگەڵ پۆلی دوازدەی ئامادەیی دەبێت دەوام بکەن".

 

جێگری بەرێوەبەری پەروردەی سلێمانی ڕوونیکردەوە: هەروەها "پێشنیازمانکردووە میکانیزمی دەوام لە خوێندنگاکان بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا بۆ دوو یان سێ وەجبە دابەش بکرێت یاخود هەر پۆلێک بکرێت بە دوو گروپ یان سێ گروپ وهەر گروپێک لە ڕۆژێکدا دەام بکات و تێکەڵ بە گروپەکانی تر نەبێت".

 

ئەوەشی خستەڕوو، "پێشنیازێکی تر ئەوەیە دەوام لە گوندەکان و لادییەکان ئاسایی بکرێتەوە بە تاییەتی ئەو خوێندنگایانەی کە خوێندکارانیان کەمە و لە پۆلێکدا لە 15خوێندکار تێپەڕ ناکات".

 

لەبارەی تەواوکردنی پڕۆگرامی خوێندن بەتاییەتی کە ساڵی خوێندنی ڕابردوو بە هۆی قەیرانی کۆرۆنا بەشێکی زۆر لە بابەتەکانی خوێندن تەواونەکران بەهۆی نەبوونی کات و کەرنتینەوە عومەر ئەمین وتی: "پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵ مەنهەج و بابەتەکانی خوێندن کەمبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ماوەی 180 ڕۆژی خوێندندا تەواو بکرێت، چونکە دەوامکردن بەو جۆرە کاریگەری دەبێت لەسەر تەواوکردنی بابەتەکان، پلانیشمان هەیە بابەتەکانی بازنەی یەکەم پۆلەکانی (یەکەم، دووەم و سێیەمی) بنەرەتی بە تایبیەتی پیتەکان چارەسەر بکەین بۆ ئەوەی بتوانرێت بەچڕوپڕی بخوێندرێن".

 

"لە ئێستادا ئەنجومەنی وەزیران هەموو دەسەڵاتەکان دەربارەی دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندن ومیکانزم و شێوازی دەوامکردنی خوێندکاران وخوێندگاکان لە دۆخی کۆرۆنا داوەتە وەزیری پەروەردە، بۆیە ئەگەری زۆرە ئەو پرسە لە کۆتایی ئەم هەفتەدا یەکلاییبکرێتەوە" جێگری بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وای وت.

 

لە کۆتایی مانگی شوباتی ڕابردوو بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەوام لە ناوەندکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان ڕاگیرا و بە مەبەستی بەرگرتن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسەکەش، حکومەتی هەرێم لەو ماوەیدا هاوشێوەی وڵاتانی جیهان چەند جارێک قەدەغەی گشتی و کەرەنتینەی زۆرملێی ڕاگەیاند لە شارەکانی هەرێم.