ناس کورد-
بەپێی بڕیارێکی پارێزگای سلێمانی، دەوامی فەرمی فەرمانگەکانی دەوڵەت هەفتانە لە ڕۆژی یەکشەممە بۆ پێنجشەممە دەبێت و رێژەی دەوامی فەرمانبەران بەپێی پێویستی فەرمانگەكان دەبێت.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
بەپێی نوسراوێک لە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگای سلێمانی واژۆی کردووە، دەسەڵات دراوە بە سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان و بەڕێوەبەرە گشتییەكان کاتژمێرەکانی دەوام و ڕێژەی دەوامی فەرمانبەران دیاری بكەن.
دەشڵێت، ڕێژەى دەوامکردنی فەرمانبەران بەپێی پێویستی فەرمانگەکان و بەپێی ژمارەى میلاکەکانیان بەشێوەی نۆرە (تناوب) دەبێت، بە مەرجێک نەبێتە هۆی وەستانی کاری فەرمانگەکان و دواکەوتنی مامەڵەی ڕۆژانەى هاوڵاتیان.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەی ڕابردوو، جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، پێویستە لە ڕۆژی یەکشەممەوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بکرێتەوە و لە یەکشەممە تا پێنجشەممە لەکاتژمێر 8:00ی بەیانی بۆ 3:00ی پاشنیوەڕۆ دەوام بکرێت.
بڕیارەکەی حکومەتی هەرێم کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە و ڕەخنەی توندی لێگیرا و لە گرنگترینیان، لیوا چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزیری ناوخۆی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارەکەی حکومەت لەسنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە جیبەجێناکرێت.