گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: کێ سەرکردایەتی گردەکەى پێ قبوڵ نییە با واز بهێنێت

2020.09.06 - 11:35
پەرلەمانتارێکی پێشووی گۆڕان: کێ سەرکردایەتی گردەکەى پێ قبوڵ نییە با واز بهێنێت

ناس کورد-

په‌رله‌مانتارێكی پێشووی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان دەڵێت، له‌ ڕووی یاسایی و شه‌رعییه‌وه‌ گۆڕانی ئێستا ئه‌وه‌یه‌ گرده‌كه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كات، "هه‌ر كه‌سێكیش سه‌ركردایەتی گرده‌كه‌ی پێ قبوڵ نییه‌ با واز بهێنێت."

 

دڵشاد حسێن، پەرلەمانتاری بزوتنەوەى گۆڕان لە خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان بە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی، "کاتێک نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی ھاتە دەرەوە، نەیووت من یەکێتی ئەسڵم و ئەوان یەکێتی عادین، بەڵکو وتی ئەوان ئەو یەکێتیەی ئێستان و من لێیان دەرئەچم".

 

دەشڵێت، "ئێستاش بۆ گۆڕان ھەمان شت ڕاستە، گۆڕان ئەوەیە لە گردەکە سەرکردایەتی دەکرێت، لە دەرەوەی ئەمە تەنھا بۆڵەکردنە، سەرکردایەتی گردەکەت قبوڵ نیە، وەرە دەرەوە و بڵێ گۆڕان نیم و تەواو."

 

جەختیکردووەتەوە کە "گۆڕانی ئێستا ئەوەیە کە ھەیە، لە دەرەوەی ئەمە وەک حیزب گۆڕانێکی تر نییە، مەسەلەکە لەوە دەرچوە و تەواو."

 

 

ئەوەش دوای ئەوە هات کۆبوونەوەى دوێنێی جڤاتى نیشتمانى گۆڕان گرژى و ئاڵۆزى بەخۆوە بینی لەبارەى هەڵسەنگاندنى ڕۆڵى بزوتنەوەکەدا لە حکومەت و داواى فراکسیۆنەکەى لەبەغدا بۆ کشانەوەیان، سکرتێرى جڤاتى نیشتیمانیش ڕەتی ناکاتەوە کە گرژى دروستبووبێت.

 

جڤاتى نیشتمانى گۆڕان دوێنێ کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى ناوخۆیی لەناویاندا هەڵسنگاندنى کارەکانیان لە حکومەت و ڕاگەیەنراوی فراکسیۆنى گۆڕان لە بەغدا بۆ کشانەوەیان لە حکومەت.

 

بەوتەى دوو سەرچاوەى ئاگادار لە کۆبوونەوەکە بۆ ناس کورد، لە کۆبوونەوەکەدا گرژى و ئاڵۆزى لەنێوان نوێنەری فراکسیۆنەکە و ژمارەیەک لە ئەندامانى جڤاتى نیشتمانى ئەوانەى کە سیڤیان پێشکەش کردووە هەروەها دوو وەزیرى گۆڕان لە هەرێم ڕوویداوە و بەهۆیەوە کۆبونەوەکە ڕاگیراوە، دواتر نوێنەری فراکسیۆنەکەش بە توڕەبوونەوە ئەو کۆبونەوەیەى بەجێهێشتووە.

 

زیاتر بخوێنەوە: تۆمەتی ’’پارتیبوون و عێراقچییەتی’’ کۆبوونەوەکەى ئەمڕۆی جڤاتی نیشتمانی گۆڕانی تێکدا