کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد-
وەزیری نەوتی عێراق نیگەرانی خۆیی و وەزارەتەكەی ئاشكرا كرد لەبارەی رادەستنەكردنی ئەو بڕە نەوتەی هەرێم كە لە بودجەی گشتی 2019ی عێراقدا لەنێوان هەرێم و بەغدا رێككەوتنی لەبارەوە كراوە.
.
سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێراق لە میانەی لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا، وتی "حكومەتی هەرێمی كوردستان تائێستا ئەو بڕە نەوتەی ڕادەست نەكردووە كە لە بودجەی ساڵی 2019 رێككەوتنی لەبارەوە كراوە و بەپێی رێككەوتنەكە هەرێمی كوردستان دەبێت رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی كۆمپانیای سۆمۆ بكات".
.
وەزیری نەوتی عێراق، روونیكردەوە، لەم نزیكانە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەو بارەیەوە كۆدەبنەوە بە مەبەستی گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست لەو بارەیەوە و جێبەجێكردنی ئەو خاڵانەی كە لە بودجەكەدا رێككەوتنی لەبارەوە كراوە.
.
غەزبان جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئەوان پەیڕەوی لە یاسا دەكەن و هیچ شتێك لەئارادانییە كە لەگەڵ هەرێم گفتوگۆی لەبارەوە بكەن و ئەوان پەیوەستن بەو یاسا و خاڵانەی كە لە رێككەوتنەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە.
.
رۆژی 23ی نیسانی2019، هودا سەجاد ئەندام پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، داوای یاسایی لەسەر عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی عێراق و فوئاد حسێن وەزیری دارایی تۆمار دەكات بەهۆی ئەوەی كە چەند پشكێكی پارە دراوەتە هەرێم بەبێ ئەوەی هەرێم ئەو بڕە نەوتە ڕادەست بكات بە بەغدا كە لەسەری رێككەوتن كراوە.
.
لەبودجەی ساڵی2019دا پشكی هەرێمی كوردستان بە ٪12.67 دیاری كراوە و لەبەرامبەردا ئاماژە بەوە كراوە كە دەبێت هەرێم رۆژانە بڕی 250 هەزار بەرمیل نەوت لەرێگەی كۆمپانیای سۆمۆوە بفڕۆشێت و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەتی ناوەندی.