ناس کورد-
قائیمقامی چەمچەماڵ لەبارەی شەڕەکەی شەوی ڕابردووی سنورەکە ڕایگەیاند، ئەو دوو بنەماڵەیە دانیشتووی ناحیەی تەکیەن و پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە، دەشڵێت، ئێستا دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە و ئاڵۆزییەکان دامرکاونەتەوە، بەڵام کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرنەکراوە.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
شەوی ڕابردوو لە ناحیەی تەکێی سەربە قەزای چەمچەماڵ لەڕووداوێکدا سێ کەس کوژران و دوو کەسی دیکەش برینداربوون.
ڕەمک ڕەمەزان، قائیمقامی چەمچەماڵ بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ڕووداوەکە لەوەوە ڕوویداوە، ئەو دوو بنەماڵەیە پێشتر کێشەی کۆمەڵایەتییان هەبووە، شەوی ڕابردوو چەند کەسێک لە لایەنێکیان بە ئۆتۆمبێل چوونەتە بەردەم ماڵی لایەنەکە دیکە و فەڕتەناشیان کردووە."
وتیشی: "دواتر کە لایەنی دووەم چوونەتە دەرەوە، بەداخەوە ئەو ڕووداوەی لێکەوتووەتەوە و لە ئەنجامدا سێ کەس کوژراون کە دووانیان لە بنەماڵەیەکن و یەکێکیان لە بنەماڵەکەی دیکەیە، دوو کەسیش برینداربوون کە بەهەمانشێوە هەریەکەیان لە بنەماڵەیەکن."
قائیمقامی قەزای چەمچەماڵ باسی لەوەشکرد: "هەردوو بنەماڵەکە دانیشتووی ناحیەی تەکیەن و کێشەکەیان لەسەر زەوی و زار بووە و هەریەکەیان خۆی بە خاوەنی زەوییەک زانیوە."
ڕونیشیکردەوە، بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکان لەئێستادا دۆخەکە کۆنتڕۆڵکراوە و هێور کراوەتەوە، دوو بریندارەکەش لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانین.
سەبارەت بەوەی تاوەکو ئێستا کەس لەسەر ڕووداوەکە دەستگیرکراوە، قائیمقامی چەمچەماڵ ئاماژەی بەوەکرد: "ئێمە شەو تەنها هەوڵی ئەوەماندا کێشەکە گەورەتر نەبێ و قوربانی دیکەی لێنەکەوێتەوە، نەوەک بەدوای کەسدا بگەڕێین دەستگیری بکەین، هەروەها لەو حاڵەتانەدا پێویستی بە تۆمارکردنی سکاڵا هەیە و تاوەکو ئێستا کەس سکاڵای لەسەر کەس تۆمارکرنەکردووە."