گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

عێراق پلەبەرزکردنەوە و سەرموچەى فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

2020.09.06 - 08:48
عێراق پلەبەرزکردنەوە و سەرموچەى فەرمانبەران دەستپێدەکاتەوە

ناس کورد-

وەزارەتی پلاندانانی عێراق بودجەى کۆتا سێ مانگی ئەمساڵی ڕەوانەى ئەنجومەنی وەزیران کرد بۆ پەسەندکردنی و دواتریش ڕەوانەى پەرلەمانی کرد بۆ دەنگدان لەسەری، تاوەکو یاسای قەرزەکان جێبەجێبکرێت بۆئەوەى تەواوی شایستە داراییەکانی فەرمانبەران و هاوڵاتیان بۆ ئەم چەند مانگەى ئەمساڵ دابینبکرێت.

 

ماهر حەماد جوهان، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی وتووە، ئەو بودجەیەی دەنگی لەسەر درا هەمان ئەو بودجەیەیە کە پێشتر ئامادەکرا و کۆی بودجەکە 146 ترلیۆن دینارە و بڕی کورتهێنانیش تێیدا 80 ترلیۆن.

 

ماهر حەماد جوهان جەختی کردەوە کە بودجەکە هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە و دەستپێکردنەوەى سەرموچە و پلەبەرزکردنەوەى فەرمانبەرانیشی لەخۆگرتووە.

 

وتیشی، لە ئێستادا وەزارەتەکە سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنوسی بودجەى ساڵی 2021ـە و وەزارەتی پلاندانان و نەوت و بانکی ناوەندی و دەستەى گومگ و بەڕێوەبەرایەتی گشتیی قەرز بەشدارن لە نوسینەوەیدا.

 

هەر دوێنێ فارس عیسا، نوێنەری نوێنەری حکومەتى هەرێم لە بەغدا ئاشکرایکرد، ماوەیەک هەفتەیەکە شاندێکی هونەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدان و بەشداری کۆبوونەوە و گفتوگۆ ستراتیژییەکان دەکەن لەسەر ڕەشنوسی بودجەى ساڵی داهاتوو.  

 

  

فارس عیسا بە ناس کوردی وت، شاندەکە هونەرییە و لە جێگری وەزیری پلاندانان و بەڕێوەبەری گشتیی بودجە و بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی دارایی هەرێم و چەند کەسێکی تر پێکهاتوون، بڕیارە تاوەکو 19ی ئەیلول لە بەغدا بمێننەوە.  

  

 

وتیشی، شاندەکەى هەرێم بەشداری ئامادەکردنی چوارچێوەیەک بۆ ڕەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2021ی عێراق دەکات.