گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئێمە و ئەمریکا پەيوەنديمان بە گرێبەستى نەوتيى هەسەدە و كۆمپانيا نەوتيەكانەوە نييە

2020.09.05 - 23:25
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی: ئێمە و ئەمریکا پەيوەنديمان بە گرێبەستى نەوتيى هەسەدە و كۆمپانيا نەوتيەكانەوە نييە

ناس کورد- 

مايڵز كايكنز، وتەبێژى هاوپەيمانیى نێودەوڵەتیى دژى داعش كە ولايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكا سەرۆكايەتى دەكات دەڵێت، هاوپەيمانێتیيەكە و ئەمريكاش پەيوەندى بەو گرێبەستە نەوتيانەى سورياوە نييە كە لەگەڵ كۆمپانياى تايبەتى ئەمريكى واژۆكراون.

 

كايكنز لە كۆنگرەيەكى رۆژنامەوانى هاوبەشدا لەگەڵ مستەفا بالى، وتەبێژى هێزەكانى سورياى ديموكرات وتى، ئەو گرێبەستە نەوتيانەى كراون لەگەڵ كۆمپانياى تايبەتى ئەمريكى هيچ پەوەندييەكى بە هاوپەيمانیى نێودەوڵەتى و ولايەتە يەكگرتووەكانى ئەمريكاشەوە نييە.

 

سەبارەت بە بارودۆخى پەتاى كۆرۆنا لە سوريا وتى، ئەمريكا 31 مليۆن دۆلار وەك هاوكارى مرۆيى بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى ڤايرۆسى كۆرۆنا پێشكەش بە سوريا دەكات.

 

كايكنز تەئكيديشى كردووەتەوە، وڵاتانى هاوپەيمان لەساڵى 2012 ەوە تائێستا بڕى 43 مليار دۆلاريان وەك هاوكارى پێشكەش بە سوريا كردووە.

 

لاى خۆشيەوە مستەفا بالى ڕايگەياند: "پشت بە ڕێکكەوتنى ئەمريكا و ڕوسيا لەگەڵ ئەنقەرە دەبەستین و بەهۆى ئەو ڕێکكەوتنەوە پێمان وانييە لە ئێستادا توركيا پرۆسەى سەربازى ئەنجام بدات.

 

لەماوەى ڕابردوودا ڕژێمى سوريا بڵاويكردەوە كە هێزەكانى هەسەدە لەگەڵ كۆمپانيايەكى ئەمريكى ڕێكکەوتنى نەوتييان كردووە و ئەوەش بە دزيكردن و تاڵانى ناو برد، دواى ئەوەش چەندين وڵات لە ديارترينيان ئێران و ڕوسيا ئيدانەى ئەو ڕێكەوتنەيان كرد و پێيان وايە بە سپۆنسەرى ئەمريكا كراوە.