گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

حکومەتی عێراق موچەی ناشایستەی هەزاران کەسی دیکەی ڕاگرت

2020.09.05 - 17:21
حکومەتی عێراق موچەی ناشایستەی هەزاران کەسی دیکەی ڕاگرت

ناس کورد-

دەستەی خانەنشینیی عێراق ڕایگەیاند، دوای وردبینی و بەدواداچوونی یاسایی بۆ مووچەکانیان و نەهێشتنی دوو موچە، بڕیارە ئەم مانگە موچەی وەجبەی یەکەمی گیراوەکانی کەمپی (ڕەفحا) )خەرج بکرێت کە ژمارەیان 507 کەسە، لەکاتێکدا پێشتر زیاتر لە 30 هەزار کەس بەو ناوە موچەیان وەردەگرت.

 

ئەمڕۆ شەممە، 5ی ئەیلولی 2020، دەستەی خانەنشینیی عێراق ڕایگەیاند، بەپێی فەرمانی ئەنجومەنی وەزیران (ژمارە 27 ی ساڵی 2020) بڕیارداراوە موچەی وەجبەی یەکەمی گیراوانی کەمپی (ڕەفحا) خەرج بکرێت، ئەوەش دوای ئەوەی فەرمانگەکانی سەر بە دەستەکەیان لەگەڵ دەزگای زیندانە سیاسییەکان وردبینی یاسایی تەواویان بۆ ئەو کەسانە کردووە کە شایستەی ئەو موچەیەن، موچەی ئەو کەسانەش بڕدراوە کە زیاتر لە یەک موچە وەردەگرن یان لەدەرەوەی وڵاتن.

 

 ئاماژی بەوەشکردووە: "دوای وردبینی تەواو بۆ موچەی ڕەفحاوییەکان، دەرکەوتووە  تەنها 507 کەس لە وەجبەی یەکەمدا شایستەی وەرگرتنی موچەن".

 

 لەدوای شکستی ڕاپەرینی ساڵی 1991، لە ناوچەکانی باشور و ناوەڕاستی عێراق هەزاران هاووڵاتی عێراقی لەترسی ڕژێمی پێشووی عێراق ناچاربوون وەک پەنابەر ڕوو لەوڵاتی سعودیە بکەن و لە کەمپێکی شاری ڕەفحا جێگیربن، دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن لە ساڵی 2003 و بە فەرمانی پەرلەمان حکومەتی عێراق موچەی  بۆ دانیشتوانی کەمپی ڕەفحا بڕییەوە.

 

تاریق حەرب، شارەزای یاسایی عێراقی لەوبارەیەوە دەڵێت: "بەگوێرەی داتاکان ژمارەی ڕاستەقینەی ئەوانەی لە کەمپی ڕەفحا بوون تەنها سێ هەزار و 500 کەس بوون، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام حسێن ژمارەکەیان زیادکرد بۆ نزیکەی 31 هەزار کەس و هەرتاکێکیان موچەی لە حکومەت وەردەگرت کە ئەوەش وایکرد بارگرانێکی زۆری بۆ سەربودجەی گشتی عێراق دروست بکات".

 

دوای دەستبکاربوونی مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەرەتای مانگی ئایاری ڕابردوو، ناوبراو وەک یەکەم کاری چاکسازی بریاریدا موچەی ڕەفحاوییەکان ڕابگیرێت تا ئەو کاتەی وردبینی و بەدوادچوونی تەواو بۆ ڕاست ودروستی زانیارییەکان دەکەن، بۆ ئەوەی بزانن کێ شایستەی وەرگرتنی موچەیە، بەجۆرێک نابێت ئەوانەی کە لە دەرەوەی عێراقن موچەی ڕەفحا وەرگرن و نابێت گیراوانی ڕەفحاش لە یەک موچە زیاتریان هەبێت.   

 

بەگوێرەی زانیارییەکان پێش بڕیارەکەی کازمی هەر تاکێکی کەمپی ڕەفحا زیاتر لە دوو موچە و سێ موچەیان لە حکومەت وەردەگرت، بەجۆرێک خێزانی وا هەبووە لە مانگێدا نزیکەی 12 ملیۆن دینار موچەی لە حکومەت وەرگرتووە.