گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕان داهاتی مانگی ڕابردووی نەوتی هەرێم ئاشکرا دەکات

داهاتی نەوت ’’دوو هێندەى’’ ئەو داهاتەیە کە سامانە سروشتییەکان ڕادەستى دارایی کردووە بۆ دابەشکردنى موچە

2020.09.05 - 14:35
داهاتی نەوت ’’دوو هێندەى’’ ئەو داهاتەیە کە سامانە سروشتییەکان ڕادەستى دارایی کردووە بۆ دابەشکردنى موچە

ناس کورد-

بزوتنەوەى گۆڕان ڕایگەیاند، داهاتى مانگى ڕابردووى فرۆشتنى نەوتى هەرێم زیاتر لە 450 ملیۆن دۆلار بووە، ئەوەش دوو هێندەى ئەو بڕە پارەیەیە کە مانگى ڕابردوو وەزارەتى سامانە سروشتییەکان بۆ دابەشکردنى موچە رادەستى وەزارەتى دارایی کرد.

 

وەزارەتى سامانە سروشتییەکان مانگانە زانیارى لەبارەى هەناردە و داهاتى نەوت بڵاوناکاتەوە، بەڵکو سێ مانگ یاخود شەش مانگ جارێک کۆى گشتى داهات و هەناردەى نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیاى دیلۆتەوە بڵاودەکرێتەوە، ئەوەش قەبارەى راستەقینەى هەناردە و داهاتى مانگانەى بەنادیارى هێشتووەتەوە.



بەپێی راپۆرتێکى ژورى توێژینەوەکانى بزوتنەوەى گۆڕان کە یەکێکە لە پێکهێنەرەکانى حکومەت، مانگى ڕابردوو هەرێم 13 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەکردووە لە رێگەى بۆرى نەوتى جیهانەوە، کە رۆژانە دەکاتە 419 هەزار و 534 بەرمیل.

 

هەر بەپێی راپۆرتەکە، هەرێم بە 10 دۆلار کەمتر لە عێراق نەوتەکەى فرۆشتووە، لەکاتێکدا عێراق لەو مانگەدا بە (43.70) دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نەوتەکەى فرۆشتووە، بۆیە کۆى داهاتى نەوتى هەرێم لەمانگى ئابدا 451 ملیۆن و 620 هەزار دۆلار بووە.

 

ئەوە لەکاتێکدایە، وەزارەتى دارایی هەرێم کە وەزیرەکەى لە پشکى بزوتنەوەى گۆڕانە، مانگى ڕابردوو رایگەیاندبوو، ئەو داهاتەى لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکانەوە رادەستیانکراوە بۆ دابەشکردنى موچەى فەرمانبەران 270 ملیار دینار بووە (225 ملیۆن دۆلار)، لەکاتێکدا پێشتر 354 ملیار دینار بووە، واتە بڕى 84 ملیار دینار کەمیکردووە.



بەڵام وەزارەتەکە رونینەکردبووەوە کە ئەو 270 ملیار دینارە بەدیاریکراوى داهاتى یەک مانگ بووە یاخود زیاتر، بەو پێیەى موچەى فەرمانبەران نزیکەى مانگێک لەوادەى خۆى دواکەوت.

 

بە بەراوردکردنى ژمارەکان دەردەکەوێت، ئەو داهاتەى گۆڕان باسیدەکات، دوو هێندەى ئەو بڕە پارەیەیە کە بەوتەى وەزارەتى دارایی لەمانگى ڕابردوودا لەلایەن وەزارەتى سامانە سروشتییەکانەوە رادەستى کراوە بۆ دابەشکردنى موچە.

 

بڵاوکردنەوەى ئامارى فرۆشتنى مانگى ڕابردووى نەوت لەلایەن گۆڕانەوە هاوکاتە لەگەڵ کۆبوونەوەى جڤاتى نیشتیمانى بزوتنەوەکە بۆ تاوتوێکردنى چەند پرسێکى ناوخۆیی، لەناویاندا هەڵسەنگاندنى بەشدارییان لە حکومەت.