گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

کێشە سەرەکییەکە چییە؟

زانیارى نەبیستراو لەبارەى گرێبەستى ناشتنى مردوو لە سلێمانى (تایبەت)

2020.09.05 - 11:09
زانیارى نەبیستراو لەبارەى گرێبەستى ناشتنى مردوو لە سلێمانى (تایبەت)

ناس کورد-

شارەوانى سلێمانى سەرقاڵى یەکلاکردنەوەى ئەو کێشە و مشتومڕانەیە کە لەبارەى نرخى ناشتنى مردوو بەپێی گرێبەستێکى نوێ لەگەڵ کۆمپانیایەک دروستبووە.

 

مێژوى ئەو گرێبەستە کە بۆ ماوەى پێنج ساڵە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2018 کە حکومەت رێگەى بە کۆمپانیاکە داوە بۆ ناشتنى مردوو لە گۆڕستانى نوێی سلێمانى، کە ئەمساڵ بەشێک لە مردوانى کۆرۆناى تێدا نێژرا.

 

جێبەجێکردنى گرێبەستەکە و ڕێگەدان بە کۆمپانیاکە بۆ مانگى تەموزى ئەمساڵ دواکەوت، دواى ئەوەى 198 مردووى کۆرۆناى تێدا نێژرا، لەلایەن تەندروستى و شارەوانى سلێمانییەوە.

 

قەبر هەڵکەنەکانى سلێمانى کە ژمارەیان نزیکەى پەنجا کەس دەبێت، هەفتەى ڕابردوو بەدەنگى بەرز نیگەرانى خۆیان لەو بارەیەوە دەربڕى و کۆمپانیاکەیان تۆمەتبارکرد بەوەى نرخێکى زیاتر لە هاولاتیان وەردەگرێت لەبەرانبەر هەڵکەندنى قەبر و هەڵبەستنیدا.

 

شارەوانى سلێمانى، هەڵکەندنى قەبرى بە 150 هەزار دینار دیاریکردووە، نرخى هەڵبەستنیش بە شێوەى سادە بە 200 هەزار دینار، بەڵام زۆرجار لەو نرخانە زیاتر لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت.

 

سەرچاوەکى ئاگادار لە گرێبەستەکە بە ناس کوردى ڕاگەیاند، "بەپێی گرێبەستەکە ناشتنى مردوو تا دروستکردنى بیرئاتون و رەسیف بەدەوریدا 260 هەزار دینارە، نەک ئەو بڕە پارەیەى کە بڵاوکراوەتەوە و دەوترێت کۆمپانیاکە وەریدەگرێت".

 

وتیشى، "هەر بەپێی گرێبەستەکە ئەو بڕە پارەیە 110 هەزار دینارى لەلایەن کۆمپانیاکەوە لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، لەگەڵ 150 هەزار دینار کە دەدرێت بە گۆڕ هەڵکەنەکە".

 

بەوتەى سەرچاوەکە، کێشە سەرەکییەکە لەسەر هەڵبەستنى گۆڕە، چونکە لە گرێبەستەکەدا بەهیچ شێوەیەک باسى ئەوە نەکراوە و ئەوە کارى کۆمپانیاکە نییە، بەڵکو هاوڵاتیان خۆیان ئازادن کە خۆیان دەیکەن یاخود بە گۆڕ هەڵکەنەکان دەڵێن کە بۆیان بکەن.

 

سەردەشت رەفق، وتەبێژى شارەوانى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنوسیدا پرسەکە رووندەکەنەوە.

 

سەرچاوەکە وتى، "راپۆرتێک لەسەر کارەکانى کۆمپانیاکە ئامادەکراوە و تێیدا پێشێلکارییەکان لەو بارەیەوە خراونەتە ڕوو، پێشکەشى شارەوانى دەکرێت".