گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چوار پڕوپاگەندە لەبارەى کۆرۆنا و کردنەوەى قوتابخانەکان: بەستنى دەمامک و ڕفاندنى منداڵان

2020.09.05 - 08:35
App store icon Play store icon Play store icon
چوار پڕوپاگەندە لەبارەى کۆرۆنا و کردنەوەى قوتابخانەکان: بەستنى دەمامک و ڕفاندنى منداڵان

ناس کورد-

لەگەڵ نزيكبوونەوەى كرانەوەى خوێندنگاكان لە بەريتانيا بە تايبەت بۆ زۆرێک لە منداڵان یەکەمجاریان دەچێنە قوتابخانە، دايكان و باوكان گوێبيستى چەندين ئامۆژگار و ئەو ڕێوشوێنانە دەبن كە خوێندنگاكان دەيگرنە بەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبونەوەى كۆرۆنا، بەڵام پێویست ناکات ئەوان باوەڕ بە هەموو ئەو پڕوپاگەندانە بکەن.

کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە   

 

تۆڕى هەواڵیی بی بی سی بەريتانى بڵاويكردوەتەوە، ژمارەيەك پڕوپاگەندە بڵاوكراونەتەوە سەبارەت بەوەى كە بەسەر خوێندكاراندا دێت دواى كردنەوەى قوتابخانەكان، هەندێك لەو پڕوپاگەندانە كە لە تۆڕە كۆمەڵايەتيەكان بڵاودەكرێنەوە ناڕاستن و لە ديارترينيشيان ئەمانەن:



پڕوپاگەندەى يەكەم: پشكنين بۆ خوێندكاران دەكرێن و بەبێ ڕەزامەندى دايك و باوك كەرەنتين دەكرێن

مامۆستايان ناتوانن منداڵان و خوێندكاران ببەنە ناوەندەكانى ئەنجامدانى پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆنا بەبێ ڕەزامەندى كەسوكاريان، ئەوەشى كە ناڕاستە ئەوەيە دەوترێت ئەگەر گومانى توشبوون بە كۆرۆنايان لێ بكرێت ئەوا بەبێ ڕەزامەندى دايك و باوكيان كەرەنتين دەكرێن.

 

لاى خۆشيەوە كۆمسيۆنى كاروبارى منداڵان سەبارەت بەو بابەتە ئاشكرایكردووە، گەورە بەرپرسانى تەندروستى و پەروەردە تەئكيديان كردووەتەوە كە پشكنينى ڤايرۆسى كۆرۆنا بۆ هيچ منداڵێك ناكرێت و كەرەنتين ناكرێن بەبێ ئامادەبوونى دايك و باوك ياخود بەپرس و سەرپەرشتيارانيان.

 

ڕونيشيكردوەتەوە، بەپێى ڕێنماييەكان ئەگەر منداڵێك گومانى لەسەر بوو كە توشبووە ئەوا لە ماڵەكەى خۆياندا كەرەنتين دەكرێت.

 

پڕوپاگەندەى دووەم: كێشى خوێندكاران دەپێورێن

هيچ پلانێك نييە بۆ ئەنجامدانى ئەو كارە، ئەو پڕوپاگەندە دواى ئەوە دروستبووە كە "تام فراى" بەڕێوەبەرى مونتەداى نيشتمانى بۆ بەرەنگاربونەوەى قەڵەوى پێشنيارى ئەوەى كردووە كە لەسەرەتا و كۆتايى ساڵى خوێندن خوێندكارانى منداڵ بكێشرێن، بۆ ئەوەى بزانرێت ئەو كێشەى لە ماوەى كەرەنتينە پەيدايان كردووە لەدەستى دەدەن.

 

بەڵام تاكە جار كە كێشى منداڵ دەپێورێت لەميانەى ڕێوشوێنى بەرنامەى نيشتمانى بۆ پێوانەى منداڵانە، كە دەستەى گشتى تەندروستى ئينگلتەرا سەرپەرشتى دەكات، ئەوەش بە ئامانجى كۆكردنەوەى زانيارى لەسەر تەندروستى گشتى منداڵان.

 

كاتێك منداڵ سەرەتا دەچێتە قوتابخانە و لەپۆلى يەكدا كێشى دەپێورێت هەروەها لەساڵى شەشەميشياندا، ئەوەش وەك بەرنامەيەكى ستراتيژيى حكومى بۆ بەرەنگاربونەوەى قەڵەوى منداڵان.



پڕوپاگەندەى سێيەم: هيچ حاڵەتێكى گواستنەوەى كۆرۆنا لە منداڵانەوە بۆ مامۆستاكانيان ڕووينەداوە

ئەگەر بڵێين هيچ مامۆستايەك لە منداڵانى خوێندكارى توشبووەوە تووشى كۆرۆنا نەبووە ڕاست نييە، دەستەى تەندروستى گشتى ئينگلتەرا لە مانگى حوزەيران لێكۆڵينەوەى لە حاڵەتەكانى بڵاوبونەوەى كۆرۆنا لە خوێندنگاكان كرد ئەو كاتەى كە خوێندنگاكان تەنها كەمتر لە 5% ى خوێندارانى تێدابوو، زۆرينەى هۆكارەكانى گواستنەوە لەنێوان كارمەندان ياخود خوێندكاراندا بووە.

 

بەڵام 6 حاڵەتى توشبوو لەنێوان 30 ساڵەتدا دەركەوتووە كە گواستنەوەى پەتاكە لە خوێندكارانەوە بۆ كارمەندان و مامۆستايان يەكێكە لە هۆكارەكان، ئەوەشى كە ڕێژەى مەترسى بردنە نەخۆشخانەى منداڵانى توشبوو و هۆكارى مردنيان بە كۆرۆنا زۆر كەمە ڕاستە.



پڕوپاگەندەى چوارەم: بەستنى دەمامک هاوكارى ڕفێنەرى منداڵان دەكات

هيچ بەڵگەيەك بوونى نييە بۆ ئەوەى كە دەمامک وەك تەكتيكێك بەكاربهێنرێت بۆ ڕفاندنى منداڵان و بەستنى دەمامک مەترسيەكانى ڕفاندنيان زياد دەكات.

 

ئەو پڕوپاگەندەيە لە چەند وڵاتێكى جيهان بڵاوبوەتەوە بەتايەتى لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكا، كەنەدا و بەريتانيا و هۆڵەندا، ئەويش لەلايەن گروپى "كيو ئانان" بڵاودەكرێتەوە كە هاشتاگى saveourchildren# بەكاردەهێنن و ئەو گروپە باوەڕيان بە بيردۆزى پلانگێڕى هەيە.

 

شوێنكەوتوانى ئەو گروپە پێيان وايە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكى ئەمريكا بە نهێنى شەڕى دژى شەيتان پەرستەكان ڕاگەياندووە، كە دەستدرێژى دەكەنە سەر منداڵان و لەناو حكومەتەكان و كۆمپانياكان و كار و دەزگاكانى ڕاگەياندن بڵاوبوونەتەوە.

 

بەڵام ئەو گروپە لەلايەن چەندين دامەزراوە و ڕێكخراوى پاراستنى منداڵان ڕەخنەيان لێگيراوە و بە شێواندنى ناو و ناوبانگ و ناسنامە و كارەكانيان تۆمەتباريان دەكەن.