گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەردۆغان و نێچیرڤان بارزانی کۆبوونەوە

سەفین دزەیی داوایەکی نێچیرڤان بارزانی لە بەرپرسانی تورکیا ئاشکرا دەکات

2020.09.04 - 14:36
سەفین دزەیی داوایەکی نێچیرڤان بارزانی لە بەرپرسانی تورکیا ئاشکرا دەکات

ناس کورد-

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم ئامانجی سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی بۆ ئەنقەرە ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی داوای لە بەرپرسانی تورکیا کردووە پەلە بکرێت لە کردنەوەى نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لەو وڵاتە.

 

ئەمڕۆ هەینی، 4ی ئەیلولی 2020، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکى هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەری گەیشتە ئەنقەرە، بەیانییەکەی لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵۆ، وەزیری دەرەوەى تورکیا کۆبوونەوە، و دوای نیوەڕۆش لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا.

 

سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم بە میدیای حزبەکەى وت، لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ چاوشئۆغڵۆ، نێچیرڤان بارزانی داوای کردووە پەلە بکرێت لە کردنەوەى نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە کە چەند ڕێکارێکی یاسایی و کارگێڕی ماوە.

 

وتیشی، لە دوای سەردانی مەسرور بارزانی، سەرۆکى حکومەتى هەرێم بۆ ئەنقەرە داوای کردنەوەى ئەو نوێنەرایەتییەی کردووە، ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جەختی لەسەر کردووەتەوە چونکە حکومەتى هەرێمی کوردستان دەیەوێت پەرە بە پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بدات و نوێنەرایەتی زیاتر لە وڵاتاندا بکاتەوە.

 

جەختیکردەوە، لەئێستادا "نوێنەرایەتیمان لە ئێران و 13 وڵاتی تر هەیە، بۆیە دەبێت لە تورکیا و چەند وڵاتێکی تری عەرەبیش بیکەینەوە چونکە زەرورەتییەکی دیبلۆماسییە."

 

لەبارەى تەوەرەکانی تری گفتوگۆکردنی هەردوولا، سەفین دزەیی وت، "بەهۆی گۆڕانکاریی و پێشهاتە سیاسییەکانی ناوچەکە بە پێویست زانرا ئەو سەردانە بکرێت، بە تایبەت لەدوای دیدارەکانی نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ ماکرۆن و و بەرهەم ساڵح و مستەفا کازمی."

 

ڕاشیگەیاند، "تەوەرەکان لەسەر پەیوەندی دوولایەنە بوون، بارودۆخی ناوچەکە، مەترسی سەرهەڵدانەوەى داعش و کۆمەڵێک بابەتی تری لە بواری ئابوری و پەرەپێدانی ئەو کەرتە گفتوگۆکران."

 

باسی لەوەشکرد کە "تەوەرێکی گرنگی دانیشتنەکە ڤایرۆسی کۆرۆنا بووە و تورکیا ئامادەیی نیشانداوە هاوکاری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بکات."

me_ga.php?id=852me_ga.php?id=851me_ga.php?id=850