کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ناس كورد- هەڤاڵ فەتاح
وەزارەتی كارەبای عێراق رادەگەیەنێت لە مانگی حوزیرانی ئەمساڵدا بەرهەمهێنانی كارەبا دەگەیننە 18 هەزار مێگاوات، وتەبێژى وەزارەتى کارەباش دەڵێت، لە دووساڵی داهاتوودا سود لە وزەى خۆر دەبینن بۆ بەرهەمهێنانى هەزار مێگاوات کارەبا.
.
موسعەب مودەریس وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق تایبەت بە ناس كورد-ی ڕاگەیاند: "لەسەرەتای مانگی حوزیرانی داهاتوودا، دەتوانیین زیاتر لە 18 هەزار مێگاوات كارەبا بەرهەمبهێنین كە یەكەمجارە لە مێژووی عێراقدا ئەوەندە كارەبا بەرهەمبهێنرێت".
.
وتەبێژەکەى کارەباى عێراق ئاشکراى کرد، سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران كاری نەكردۆتە سەر هاوردەکردنى کارەبا و گازى سروشتى لە ئێرانەوە، ڕۆژانە هەزار و 200 مێگاوات كارەبا لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، هەروەها 28 ملیۆن مەتر سێجا گازی سروشتی ڕۆژانە هاوردە دەکرێت.
.
"ئێستا عێراق سەرقاڵی دروستكردنی وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبایە لە ڕێى وزەی خۆرەوە، کە ئەو وێستگانە توانای بەرهەمهێنانی هەزار میگاوات كارەبای دەبێت، لەلایەکى ترەوە لەگەڵ وڵاتی سعودیە ڕێككەوتوین لەماوەیەكی نزیكدا سیستمی كارەبای هەردوو وڵات بە هێڵێكی ستراتیژی پێکەوە ببەستینەوە"، موسعەب مودەریس واى وت.
.
لە ئێستادا بەهۆى بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوى بەنداوەکان، بەرهەمهێنانى کارەباى بەنداوەکانى، موسڵ، حەدیسە، هندیە، واست و سامەرا، لە عێراق زیادیکردووە.
.
.