گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نهێنيەكانى سەدام و بەعس

ئەو ڕۆژەى مستەفا كازمى مليۆنان بەڵگەنامەى بەرەو ئەمريكا برد

2020.09.03 - 15:10
ئەو ڕۆژەى مستەفا كازمى مليۆنان بەڵگەنامەى بەرەو ئەمريكا برد

ناس کورد- 

لەماوەى ڕابردودا مليۆنان بەڵگەنامەى سەردەمى ڕژێمى بەعس لە ولايەتە يەكگرتوەكانى ئەمريكاوە گەڕێنرانەوە عێراق، بەپێى زانياريەكان ئەو بەڵگەنامانە لەلايەن مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى ئێستاى عێراق و هاوڕێيەكييەوە لە بەغداوە دزەيان پێكراوە و براونەتە ئەمريكا، ئەوەش بە ئامانجى پاراستنيان.

 

بەڵگەنامەكان زياتر لە 6 مليۆن بەڵگەنامەن كە نهێنيەكانى ڕابردوى توندوتيژيان لە عێراق تێدايە، هەروەها بەشێكيان بريتين لە نهێنيەكانى حزبى بەعس و سەدام حسێن، ئەو بەڵگەنامانە دواى چەندين ساڵ پاراستنى لە ناوەندێكى ئەمريكى لەسەر فڕۆكەيەكى بارهەڵگرى سەربازى ئەمريكى هێنرانەوە بەغدا.

 

ڕۆژنامەى "وۆڵ ستريت جۆرناڵ"ى ئەمريكى ئاشكرايكرد، لەساڵى 2003 مستەفا كازمى سەرۆكوەزيرانى ئێستا بە هاوكارى "كەنعان مەكييە" كەسايەتى ئەكاديمى ديار توانيويانە ئەو بەڵگەنامانە دزە پێبكەن كە چەندين نهێنى مەترسيداريان تێدايە، هەروەها ناوى ژمارەيەك لە ئەندامانى بەعس و سيخوڕەكانيان تێدايە، دزەپێكردنيشى لەپێناو پاراستنى بووە لە لەناوبردن و خراپبونى ياخود دزينى.

کەنعان مەکییە

لەكاتى داگيركارى ئەمريكا بۆ عێراق ژمارەيەكى زۆر خەڵكى توڕە بەرەو ناوەندەكانى حزبى بەعس لە بەغدا ڕۆشتن، لەنێو ئەو ناوەندانەشدا يەكێك لەو شتانەى كرانە ئامانج پەيكەرى "ميشيل عەفلەق" دامەزرێنەرى حزبى بەعس بوو.

 

كاتێك چالاكوانێكى مافەكان كە كارى ئەرشيفكردنى پێشێلكاريەكانى بەعس بوو زانى خەڵكە توڕەكە بەرەو پەيكەرى عەفلەق دەچن، ترسى ئەوەى هەبوو كە هەزارەها بەڵگەنامە كە لەو ناوەندەدا بوون بكەنە ئامانج، بۆيە بە ياوەرى مستەفا كازمى چونە ناوەندەكە بۆ پاراستنى.

 

ژمارەيەكى زۆر بەڵگەنامەى ناديار

بەپێى ڕۆژنامەكە، لەو شوێنەدا ژمارەيەكى زۆر بەڵگەنامەى نادياريان دۆزيەوە كە لەژێر بارەگاى تەنيشت پەيكەرەكە بوو.

 

بەهۆى ترسى لە لەناوچوونى بەڵگەنامەكان گوسترانەوە بۆ ماڵى كەنعان مەكييە بەڵام ئەو چالاكوانە چەندين جار ڕوبەڕوى هەڕەشە بويەوە و هەروەها ماڵەكەشى كرايە ئامانج و ژمارەيەك لە بەڵگەنامەكان سوتێنران، دواتر لەساڵى 2005 لەگەڵ هاوڕێكەيدا "مستەفا كازمى" بڕيارياندا بەڵگەنامەكان بگوازنەوە بۆ ئەمريكا.

 

بەڵگەنامەكان زانيارى وردى لەسەر ناوى ئەندامانى حزبى بەعس و هەواڵگرەكانى تێدايە، سەرەڕاى ئەوەش تۆمارى ناوى ئەو خێزانە عێڕاقيانەى تێدايە كە لەكاتى شەڕى عێراق - ئێراندا كە 8 ساڵى خاياند ڕۆڵەكانيان دەستگيركران، ئەوەش بەهۆى ئەوەى گومان لە دڵسۆزيان بۆ بەعس دەكرا.

بەشێكى ترى ئەو بەڵگەنامانە زانيارى لەسەر پێشێلكاريەكانى سەردەمى سەدام حسێنى تێدايە كە ميراتييەكى ئازاربەخشە بۆ بەشێك لە عێراقيەكان.

 

چالاكوانان هيوايان وايە، لە دواتردا ئەو بەڵگەنامانە بۆ هاووڵاتيانى عێراق بڵاوبكرێنەوە تا بيبينن، ئەوەش وەك هەوڵێك بۆ ساڕێژكردنەوەى برينى چەندين ساڵ سەركوتكردنیان.

 

بەرپرسێكى عێراقى بە "وۆڵ ستريت جۆرناڵ"ى وتوە، هيوامان ئەوەيە كە دامەزراوە ياخود هەيكەلێكى گونجاو بۆ پيشاندانى ئەو بەڵگەنامانە بە هاووڵاتيان دابنێين، بەتايبەتى بۆ ئەوانەى كە بەدواى ميراتى حزبى بەعسدا دەگەڕێن و بۆ نيشاندانى ئەوەى ئەو حزبە هەڵوەشاوە كردويەتى، دەسەڵاتدارانى عێراقى ئامانجيان لەو كارە فێركردنە نەك تۆڵەكردنەوە.