ناس کورد-
ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق ئاشكرايكرد، ليژنەى بودجەى سەربە وەزارەتى دارايى دەستيكردوە بە ئامادەكردنى پرۆژە ياساى بودجەى سێ ساڵى داهاتوو، هەروەها چاوەڕێى گەيشتنى پرۆژە ياساى بودجەى ساڵى 2020 دەكەن.
کەناڵی ناس کورد لە تێلیگرام جۆین بکە
ئەحمەد سەفار، بڕياردەرى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق بە ئاژانسى هەواڵى فەرمى "INA"ى وتووە "ليژنەى بودجەى وەزارەتى دارايى دەستيكردوە بە ئامادەكردنى پرۆژە ياساى بودجەى ساڵەكانى 2021 و 2022 , 2023، ئەوەش ستراتيژێكى نوێيە كە تێيدا پرۆژە ياساى سێ ساڵى داهاتوو ئامادە دەكرێت.
ڕونيشيكردوەتەوە "پرۆژە ياساى بودجەى ساڵى 2021 ناچارييە و دەبێت جێبەجێ بكرێت، بەڵام پرۆژە ياساى ساڵەكانى 2022 و 2023 پلان بۆ دارێژراوە و لەكاتى پێويستدا گۆڕانكارييان تێدا دەكرێت".
سەفار باسى لەوەشكردوە، ئەو ستراتيژە ئاگایى دەخاتە سەر لايەنى وەبەرهێنان و ئەو پرۆژەيەش پێش كۆتايى ئەمساڵ تەواو دەكرێت.
بڕیاردەرى ليژنەى دارايى پەرلەمانى عێراق ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، ليژنەكەيان چاوەڕێى ناردنى پرۆژە ياساى بودجەى ساڵى 2020 دەكات، بۆ ئەوەى بزانرێت لە ماوەى 8 مانگى ڕابردودا خەرجيەكان چى بوون و پلانەكانى خەرجكردنى چى بوون، هەروەها خەرجى و داهاتى چوار مانگى داهاتووش چييە؟.
ئەحمەد سەفار هێماى بۆ ئەوەشكردوە، ليژنەكە دەستدەكات بە كۆبونەوە و دانيشتنەكانى ئەوەش بە ئامانجى بەدواداچوونى بابەتە داراييەكانى ئێستا.